هەوڵی ئامانجداری گۆڕینی ناو و دێمۆگرافیای شوێنەکان لە پارێزگای ورمێ لەگەڵ دژکردەوەی خەڵکی کورد بەرەو ڕوو بووەوە و پێشی پێ گیرا.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکاتی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دوو شوێنی پارێزگای ورمێ کەس یا کەسانی نەناسراو هەوڵیان بۆ گۆڕینی ناوە کوردییەکانی پارێزگای ورمێ دەست پێکردوە و دەیانهەوێ بە چەواشەکاری و بە مەبەست، کوردستانی بوونی ئەو ناوچانە بسڕنەوە، بەڵام لە لایەن چالاکان و خەڵکی کوردەوە پێشیان پێگیراوە و هەوڵەکانیان پووچەڵ کراوەتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا لە ناوچەی ورمێ بە شکاندنی تابلۆی کێوی”بۆز″ی سینا و لە کێوی ئاورین بە هەمان کار ویستوویانە ناوی تورکی بۆ ئەو شوێنانە دابنێن کە دەسبەجێ خەڵکی کورد بە پۆشینی جل و بەرگی کوردی و شایی و هەڵپەڕکێ لە کێوی “بۆز″، ئامادە بوون و تابلۆ کوردییەکەیان جێگیر کردەوە و پەیامێکیان بە نەیاران و ئاژاوەچییان ڕاگەیاند کە ورمێ کوردستانییە و کوردستانیش دەمێنێتەوە
هەروەها ڕۆژی هەینی ۲۷ـی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، گرووپی شاخەوانانی سەردەشت کە گرووپێکی ١٧ کەسیین لە چالاکییەکی شاخەوانییدا بە سەر چیای “ئاورین” لە شاری خــۆی سەرکەوتن.
مەبەست لەو سەرکەوتنە و بڕینی ئەو ڕێگەیە لە لایەن ئەم شاخەوانانەوە، پاراستنی شوناسی کوردیی ئەم چیایە کە هێندێ لایەن بە مەبەست دەیانهەوێ ناوەکەی بگۆڕن بۆ ناوێکی تورکی.
شایانی باسە کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵانێکە لە هەوڵی گۆڕینی دێموگرافی و شوناسی نەتەوەی کورددایە و لەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدا ناسنامە و سەرچاوە گرینگەکانی ئەم نەتەوەیە بگۆڕێ و لە نێویان بەرێ.











