کۆرۆنا لە ئێراندا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەشەنە دەسێنی و زانیارییە هەڵەکان و چەواشەکاریی کاربەدەستانیش دۆخەکەی خراپتر کردوە.
“سیما سادات سالاری”، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە تازەترین لێدوانیدا باسی لە تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران کرد و گوتی: “لەم ماوەیەدا زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ تووشبووی کۆرۆنا ناسراون و هەر لەم ماوەیەدا ١٩٨ نەخۆشی دیکە گیانیان لە دەست داوە، بەم شێوەیە کۆی ئەو کەسانەی بە هۆی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لەدەست داوە گەیشتوەتە زیاتر لە ١٣ هەزار و ٦٠٨ کەس.” ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو ئامار و زانیارییانەی بڵاو دەکرێنەوە کەمتر لە ئامارە ڕاستەقینەکانن و ژمارەی تووشبووان زۆر زیاتر لەو ئامارانەن کە لە ناوەندە ڕەسمییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بڵاو دەکرێنەوە.
لە لایەکی تریش جێگری وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێ: “لە وڵاتدا کێشەی کەمیی خزمەتگوزارییمان بۆ نەخۆشەکانی کۆرۆنا نییە”، ئەمە لە کاتێکدایە جێگری ئەنجومەنی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای تاران دەڵێ: “پایتەخت کێشەی کەمبوونی قەرەوێڵە و هەروەها کارمەندانی چارەسەری نەخۆشییەکەی هەیە.”
هەروەها لە کاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی ئەو پارێزگایانەی لە دۆخی سووردان ١٢ و ژمارەی ئەو پارێزگایانەی لە دۆخی هۆشدارییدان بە ١٣ ڕاگەیاند، بەڵام بە پێی پێوەر و زانیارییە بڵاو کراوەکان، لە ئێستادا ١٧ پارێزگای ئێران لە دۆخی سووردان و ٩ پارێزگای دیکەش لە دۆخی هۆشدارییدان.
شایانی باسە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێ و بە هەزاران کەس تووش بوون، سەرەڕای ئەوەی کە کاربەدەستان ئیدیعای کۆنترۆڵی ئەم نەخۆشییەیان کردوە، بەڵام وەک کارناسان باسی لێ دەکەن، شەپۆلی دووەمەکەی دەستی پێکردوە و بە نیسبەتی سەرەتای بڵاوبوونەوەکەشی، ژمارەی تووشبووان و قوربانییان بە چەند قات زیاترە.