کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری ورمێ کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار ببوو، دوای مانەوەی زیاتر لە حەوتوویەک گیانی لەدەست دا.
ڕۆژی هەینی ۲۷ی پووشپەڕی ۱۳۹۹ی هەتاوی، کۆڵبەرێکی خەڵکی ورمێ بە ناوی “شەمزین ئەحمەدی”، کە حەوتووی ڕابردوو لە بەرزاییەکانی “سۆما و برادۆست” هاوکات لەگەڵ دوو کۆڵبەری تر بە ناوەکانی “حیکمەت ئەحمەدی و ڕۆشەن جەهانگیری” کەوتبوونە بەر دەسڕێژی گوللەی سپای پاسداران، لە نەخۆشخانەی شاری وان لە باکووری کوردستان بە هۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
جێگەی ئاماژەیە برایەکی تری شەمزین بە ناوی “ئەرسەلان ئەحمەدی” لە ٤ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری شاری ورمێ بە دەستی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دابوو.
شایانی باسە، کۆڵبەری یەکێک لە ڕێگە سەختەکانی پەیدا کردنی بژیوی ژیانی بەشێک لە خەڵکی هەژار و نەداری کوردستانە کە بە ناچاری هەڵیانبژاردوە و لەم ڕێگەیەشدا بەشێکی زۆریان بریندار دەبن و گیان لەدەست دەدەن و هیچ لایەنێکی دەسەڵاتیش لە بەرامبەر ژیانی کۆڵبەران و بنەماڵەکانیان خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و تەنانەت لە کاتی بریندار بوون لە نەخۆشخانەکاندا بە پێی پێویست چارەسەری دەرمانییان بۆ ناکرێ.











