بۆ ڕێز گرتن لە یادی شەهیدانی ژینگەی “ژیوای”ـی پاوە، “هاوڕێ کەریمپوور” ژینگەپارێز و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی “پاژین” چالاکییەکی شاخەوانی بەڕێوە برد.
ڕۆژی پێنجشەممە ۲٦ـی پووشپەڕی ی ٩٩ی هەتاوی، “هاوڕێ کەریمپوور” شاخەوانی ژینگە پارێز و ئەندامی ئەنجومەنی “پاژین”ـی بانە، بە هەڵگرتنی وێنە و تراکتی تایبەت بە شەهیدانی ژینگەی پاوە بە سەر لووتکەی دەماوەند بە بەرزایی ٥٦١٠ لە کەشێکی سارد و بەفریدا سەرکەوت و یادی ئەو شەهیدانەی بەرز ڕاگرت.
جێی ئاماژەیە هاوکات لەگەڵ ئەو شاخەوانە شاخەوانانی چەند شاری تر تێکەڵی بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدانە بوون.
شایانی باسە، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، سێ ژینگە پارێزی “ژیوای”ـی پاوە بە ناوەکانی “موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی” لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی بووزین و مەڕەخێڵی پاوە لە ئاگردا سووتان و گیانیان لەدەست دا. بەم بۆنەوە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کەسانی دڵسۆز و غەمخۆری نیشتمان و ئەنجومەن و ڕێکخراوە مەدەنی و فەرهەنگییەکان چەندین چالاکی بۆ ڕێز گرتن لەو خزمەتە بەرچاوەی ئەو ژینگە پارێزانە بە ژینگەی کوردستانیان کردوە، بەڕێوە چوون.











