” حەسەن قادری”، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ناوچەی بۆکان کۆچی دوایی کرد.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ۲٦ی پووشپەڕی ۹۹ی هەتاوی، “حەسەن قادری”، ناسراو بە “حەسەن ئارپیجی”، پێشمەرگەی دڵسۆز و دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، خەڵکی “حاجیابادی”، بۆکان بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ئاواتەکانی خۆی و گەلەکەی کرد.
شایانی باسە ناوبراو لە سەرەتای هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کوردستان بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی پۆشی و چەکی بەرگری لە خاک و نیشتمانی هەڵ گرت و لە زۆر شەڕی قارەمانانەدا بەشداریی چالاکانەی هەبوو، هەر بۆیە بە “حەسەن ئارپیجی” ناسرا بوو.
دوای برینداربوونی و لەسەر بڕیاری حیزب ڕیزی پێشمەرگەکانی بەجێهێشت و دەستی بە ژیانی ئاسایی لەگەڵ بنەماڵەکەی کرد، بەڵام بۆ ساتێکیش پێوەندی خۆی لەگەڵ حیزبدا نەپچڕاند و کەسێکی چالاک و دڵسۆز بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک حەسەنی قادری و خزم و کەسوکاری ناوبراو خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











