بە پێی هەواڵ و گرتە ڤیدیۆ بڵاو کراوەکان خەڵکی چەندین شاری ئێران و کوردستان بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە سیاسەتی ئەم وڵاتە هاتوونەتە سەر شەقامەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی لە بەشی زۆری شارەکانی پارێزگاکانی ئێران ئاڵۆزی دروست بووە و خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دۆخی شارەکانیش بە ئەمنییەتی کراوە و لە بەشێک لە شارەکانیش هێڵی ئینترنێت ڕاگیراوە، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە رێگەی تەقە و توندوتیژییەوە هەوڵی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران دەدەن.
لەو ڤیدیۆیانەدا خۆپیشاندەران دروشمی “نە غەزە، نە لوبنان گیانم فیدای ئێران” و مەرگ بۆ خامنەیی و هتد” دەڵێنەوە.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دەربڕینانە پاش بڵاو بوونەوەی بانگەوازێک بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان دژ بە پشتڕاست بوونەوەی سزای سێدارەی سێ لە خۆپیشاندەرانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی پار دەستی پێکردوە.