زیاتر لە ١٠٠ بنەماڵەی ناوچەی “کونارەک” لە سیستان و بەلووچستان چەندین مانگە ئاوی خواردنەوەیان نییە.
“کەریم بەخشهوت”، جێگری بەرپرسی ئاو و ئاوەڕۆی شاری کونارەک ڕایگەیاندوە: “ماوەیەکی زۆرە بە هۆی شکان و خراپبوونی لوولەی ئاو، کێشەی بێئاوی بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە دروست بووە، چاککردنەوەکەشی پێویستی بە بوودجە هەیە، بەڵام هیچ بوودجەیەک بۆ ئەم مەبەستە دابین نەکراوە.”
خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ خواردنەوە و پێویستیی ڕۆژانەیان لەو چاڵانەی بە دەست هەڵیانکەندوە و بە ئاوی باران پڕ دەبێ کەلک وەردەگرن و، لە لایەکی تریش گەرمای ئەو ناوچەیە و کەمیی ئاو ئامانی لە خەڵک هەڵگرتوە.
شایانی باسە، دوو ساڵ لەمەو پێش، “مونیرە، مریەم و یەسرا”، ئەو کچە مێرمنداڵانە بوون کە بۆ هێنانی ئاو چووبوونە ئەو شوێنە و لە ئاودا نقووم ببوون.