ئەنجومەنی “نۆژین” سەبارەت بە حوکمی ١٠ ساڵ زیندان بۆ زارا محەممەدی، بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
کوردستانیانی خۆڕاگر، هاونیشتمانیانی هێژا، کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان، وەک ئاگادارن لە ڕێکەوتی ٢ی مانگی ٣ی ٢٧١٩ی کوردیدا هێرش کرایە سەر ماڵی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین و سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بە شێوەی نامرۆڤانە و دوور لە هەر چەشنە پرەنسیپێکی ئەخلاقی دەسبەسەر کران، ئەم شەپۆلە لە گرتنی ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو و چەندین کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی گرتەوە.
خاتوو “زارا محەممەدی” پاش شەش مانگ و نیو ڕاگیرانی ناڕەوا لە گرتووخانە بە شێوەی کاتی و بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی ئازادکرا و لە ڕێکەوتی ٢٧ـی ١١ی ٢٧١٩ی کوردی، خاتوو زارا محەممەدی و ئەنجومەنی نۆژین بە تاوانی دروستکردنی دەستە و گرووپی دژ بە دەسەڵات دادگایی کران، دواجار ڕێکەوتی ٢٤ی ٤ی ٢٧٢٠ی کوردی ئاگادار کراینەوە کە حوکمی ١٠ ساڵ زیندان لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە بە دادوەری دادوەر “سەعیدی”، بۆ خاتوو زارا بڕاوەتەوە و ئەنجومەنی نۆژین وەکوو بێتاوان ناسراوە.
ئەنجومەنی نۆژین هەر لە سەرەتای ئەم شەپۆلە لە گرتن و پێشێلکارییەوە ڕایگەیاندوە کە خاتوو زارا، ئەندام و بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژین بەشێک لەو گوتارە بەرفراوانە نەتەوەیی و مافخوازانەی ئەنجومەنە و هیچ چەشنە جیاوازییەکی بیری و کردەویەیی نەبووە و نییە، پێدانی ئەم حوکمە بە خاتوو زارا و بێتاوانکردنی ئەنجومەن، پیلانێکە بۆ تێکدانی یەکڕیزی و کۆدەنگیی ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین لە تەواوی کوردستان و هەروەها بە هەنگاوێک بۆ بێدەنگ کردن و چاوترسێنکردنی چالاکانی کۆمەڵگە و سڕکردنی هەر چەشنە خۆڕاگری و بەرخۆدانیكی دەزانین، بۆیە وێڕای شەرمەزار کردنی ئەو حوکمە ناڕەوایە ڕایدەگەیەنین کە هەموومان خۆمان بە پشتیوانیی زارا دەزانین و تا هەڵوەشانەوەی ئەو حوکمە لە چالاکی ڕاناوەستین.
شایانی باسە کە ئەنجومەنی نۆژین ئەنجومەنێکی ڕێگە پێدراوە لە بواری وانە وتنەوەی کوردی بە خەڵکی کوردستان لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنەدا چالاکە.











