حوکمی ئێعدامی ٣ کەس لە بەندکراوانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ـی هەتاوی، کاردانەوەی بەربڵاوی خەڵکی ئێران و جیهانی لێکەوتەوە.
پاش ئەوەیکە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دیوانی باڵای دادوەریی ئەو ڕێژیمە حوکمی لە سێدارەدانی ٣ کەس لە دەسبەسەر کراوانی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ لە ئێران بەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوەکانی “ئەمیر حوسێن مورادی، سەعید تەمجیدی و محەممەد ڕەجەبی”، پەسەند کرد، کاردانەوەکان لە ئێران و جیهان دەستیان پێکرد و گەیشتە ئاستێکی بەربڵاوی ناڕەزایەتیی تویتێری و تەنانەت کاردانەوەی چەندین کەسایەتیی دیاری سیاسیی جیهانی وەک “دۆناڵد ترامپ” و سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی ئورووپایی لێکەوتەوە و، میلیۆنان کەس ناڕەزایەتییان بەو کارەی دەزگای دادی ڕێژیم دەربڕی، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران هێشتا هیچ دژکردەوەیەکی بە نیسبەت ئەو ناڕەزایەتییانە نەبووە و حوکمەکە هەر لە جێگای خۆیدایە.
شایانی باسە کە لە ئێران بە توندترین شێوە ناڕەزایەتییەکانی سەرکوت دەکرێن و کەسانێک بە تاوانی بیرکردنەوەی جیاواز و بە تۆمەتی جیا جیا دەسبەسەر دەکرێن و تەنانەت لە سێدارەش دەدرێن. لەم نێوەشدا بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە نیوەی بەندییە سیاسییەکانی زیندانەکانی ئێران کوردن و، یەک لەسەر چواری ئێعدام کراوەکانیش لە خەڵکی کورد پێک دێن.












