بەڕێوەبەری ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی: “تا مانگی خەزەڵوەر مۆڵەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەین بۆ پشکنینی بنکە ناوکییەکانی ئەو ڕێژیمە.”
“ڕافائێل ماریانۆ گرۆسی”، بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، هۆشداری دا بە ئێران لە ئەگەری ئیزن نەدان بە پشکێنەرانی ئەو ڕێکخراوەیە ئەم ڕێژیمە بەرەو ڕووی دانی باجی قورس دەبێتەوە.
ناوبراو لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی “واڵستریت ژۆرناڵ”ـدا، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە دەبێ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیزن بدەن پشکێنەرانی ئێمە سەردانی بنکە ناوکییەکانی ئەو وڵاتە بکەن.
ئاژانسی نێوەنەتەوەیی وزەی ناوکی لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند، لە چوار مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی نەیهێشتوە دەستیان بە دوو بنکەی سەرەکیی ناوکیی ئێران ڕابگا و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانیی ئەم ڕێکخراوەیە.
شایانی باسە دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەیهێشت بەرپرسانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی، دەستیان بەو دوو بنکەیە ڕابگا لە دانیشتنی ڕۆژی ٣٠ـی جۆزەردانی ٩٩ی هەتاوی، شۆڕای بەڕێوەبەریی ئاژانس بە پێشنیاری سێ وڵاتی ئورووپایی، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان بڕیارنامەیەکی لەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە چالاکیی ناوکیی ئەم وڵاتە پەسەند کرد.
ئاژانس دەڵی ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو دوو بنکەیە لە دەیەی یەکەمی ٢٠٠٠ی زاینییەوە چالاکیی ناوکییان هەبووبێ کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران باسیان لێ نەکردوە.












