“مایک پۆمپێئۆ”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە سەر گەمارۆکانی چەکوچۆڵ لە ئەنجومەنی ئاسایش بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هاوڕان بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆکان.
کاناڵی هەواڵدەریی “ئێنبیسی”، بڵاوی کردەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، “مایک پۆمپێئۆ”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دانیشتنێکی هەواڵگریدا ڕایگەیاند وڵاتانی ئورووپایی هاوپەیمان لەگەڵ ئەمریکا هاوڕان بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵ بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پۆمپێئۆ کە لەو دواییانەدا هەموو هەوڵی خۆی داوە بۆ ئەوەی کە لە ئەنجومەنی ئاسایش گەمارۆکان لە سەر چەکوچۆڵی ئێران درێژ بکاتەوە و لەو بارەوە بە هەواڵنێرانی گوت: ئێمە بە ئاشکرا ڕامان گەیاندوە کە دەبێ ئەنجومەنی ئاسایش ئەو گەمارۆیانە بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران درێژ بکاتەوە، دەنا ئێمە هەر کارێک کە پێویستە لەو بارەوە ئەنجامی دەدەین و دڵنیاشم بە ئامانج دەگەین.
شایانی باسە کە (کێلی کرافت)، نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ماوەیەک لەمەو پێش ڕایگەیاندبوو کە ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیە کە تێیدا خوازیاری درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵ بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێرانن لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا یەک لەوان ڕووسیە بڵاو کردۆتەوە.












