هەیئەتێکی مەڵبەندی ١٤ی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ هەیئەتێکی مەڵبەندی ١٤ی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرستیی کاک ئەبوزەید، بەرپرسی مەڵبەندی یەکیەتیی نیشتمانی لە کۆیە سەردانی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزب بە سەرپەرستیی کاک مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا.
لەو دانیشتنەدا چەند بابەتێکی ڕۆژەڤی ناوچە، ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان تاوتوێ و ئاڵوگۆری بیروڕایان لەسەر کرا. هەیئەتی میوان لەو دانیشتنەدا باسیان لە پێوەندیی بەهێز و مێژوویی نێوان یەکیەتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد کە میراتی مەعنەویی دوو ڕێبەری لێوەشاوەی کورد مام جەلال تاڵەبانی و د. قاسملووی نەمرە و، پێیان لەسەر پێویستیی بەهێزترکردنی ئەم پێوەندییە داگرت.
لە درێژەی باسەکانی ئەم دیدارەدا هەیئەتی خانەخوێ بە پوختی باسی لە هەلومەرجی نێوخۆیی ئێران و مەوقعییەتی ئێران لە هاوکێشەکانی ئێستای ناوچەکەدا کرد. هەڵسەنگاندنی پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دوورەدیمەنی ئەم پێوەندییانە تەورێکی دیکەی باسەکانی ئەم دیدارە بوو.














