بەرپرسێکی ئەمریکایی دەڵێ: هەر چەشنە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ناوچەدا دژکردەوەی توندی ئێمەی بە دواوە دەبێ.
ناوەندی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە ئەو وڵاتە هەموو جموجۆڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە ناوچەی کەنداوی فارس لەژێر چاودێرییدایە و هەر چەشنە کردەویەکی ئاژاوەگێڕانە لەو ناوچەیەدا بۆ ئەوان گران تەواو دەبێ.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ژنڕاڵ “کێنت مەکێنزی” ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، بە ئاشکرا گوتی: هێڵی سوورمان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران داناوە، ئەو کاربەدەستەی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کۆماری ئیسلامی هەر وا لە هەوڵی ئەوەدایە کە بەسەر ئەو ناوچەیەدا زاڵ بێ، بەڵام ئەمریکا بە هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانی لە بەرابەر چالاکییەکانی ئێران ڕۆڵێکی بەرگریی بەهێزی هەیە.
“مەکێنزی” جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا لە ڕێگەی بڕیارنامەی درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵ بەدژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوشارەکانی بۆ سەر ئەو ڕێژیمە درێژە پێدەدا.
ناوبراو لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ڕایگەیاند کە لەگەڵ هەوڵەکانی “مستەفا کازمی”، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ کۆنترۆڵی میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە هاوڕام.
ئەو بەرپرسە ئەمریکاییە هەروەها دەڵێ: بۆ پارێزگاری لە هێزەکانمان لە عێراق سیستمی دژە مووشەکییمان لە ناوچەی سەوزو شوێنەکانی دیکەی ئەو وڵاتە جێگیر کردوە.












