پزشکانی ئەمریکایی دڵخۆشن بە تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتووی دەرزیی دژە کۆرۆنا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “سی ئێن ئێن”، ئەو دەرزییە لە لایەن کۆمپانیای “مۆدێرنا”ی ئەمریکایی و بە هاوکاریی پەیمانگەی نەتەوەیی تەندروستی کاری لەسەر کراوە و لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوە سەرکەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە.
شایانی باسە کە دەرزییەکە کەمترین کاریگەریی لاوەکیی هەیە و دەبێتە یەکەم دەرزیی دژە کۆرۆنا کە لە ئەمریکا بەرهەم هێنرابێ و لە کۆتایی ئەم مانگە دوایین قۆناغی تاقیکردنەوە لەسەری دەکرێ و بڕیار لە سەر ئەوە دەدرێ کە واکسێنەکە بە جیهاندا بڵاو بکەنەوە.
جێگای ئاماژەیە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا ٥٠٠ میلیۆن بۆ یەک میلیارد لەو دەرزییە بە جیهاندا بڵاو بکرێتەوە و بە پێی ئەو هەواڵانەی “سی ئێن ئێن”، تەنیا یەک هەنگاو ماوە بۆ ئەوەی کە ئەو دەرزییە بە فەرمی ببێتە دەرزیی دژە کۆرۆنا لە جیهاندا.