“سیما لاری”، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕای گەیاندوە کە لە ئێستادا ٢٥ پارێزگای ئێران لە ڕووی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە لە دۆخی هۆشداری یان سووردان.
لەم نێوەدا چوار پارێزگاکەی کوردستان (کرماشان، ورمێ، سنە و ئیلام) لەو پارێزگایانەی وڵاتی ئێرانن کە لە دۆخی سووردا بەسەر دەبەن. ئەمە لە کاتێکدایە هەتا ئێستاش لە ڕووی کردارییەوە هەنگاوێکی شیاو بۆ بەرەو ڕوو بوونەوە و پێشگیری لە تەشەنەی زیاتری ئەم نەخۆشییە لە لایەن کاربەدەستە دەوڵەتییەکانەوە هەڵنەهێندراوەتەوە و، ڕۆڵی خەڵک و کادری دەرمانی و پزشکیی نەخۆشخانە و دەرمانگەکان، سەرەڕای کەمیی پێداویستی و ئیمکاناتی تەندروستی زۆر بەرچاوتر بووە.
شایانی باسە بە پێی ئامارە دەوڵەتییەکان هەتا ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، ڕێژەی ئەو کەسانەی بە هۆی کۆرۆنا لە ئێراندا گیانیان لەدەست داوە لە ١٣ هەزار کەس تێپەڕیوە. لە پارێزگاکانی کوردستانیش ئەم ڕێژەیە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ڕوو لە زۆربوونە و ئەوەی لە ڕاگەیەنە فەرمییەکانی وڵاتدا بڵاو دەبێتەوە نیشان لە زیاد بوونی ڕێژەی تووشبوو و لەدەسچووانی ئەم نەخۆشییەیە لە کوردستان.
بە پێی ئامار فەرمییەکان لە پارێزگای ئیلام هەتا ئەمڕۆ ١٢٧ کەس، لە سنە ٣٥٦ کەس و لە کرماشان ٣٧٤ کەس و لە ورمێ (هەتا ١٨ی پووشپەڕ) ٥٣١ کەس گیانیان لەدەست داوە.
جێی ئاماژەیە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران و بە تایبەت لە کوردستان کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ و نەرێنیی لەسەر دۆخی ئابووریی ئەم ناوچەیە داناوە و، زۆربەی خەڵکی بێکار و خانەنشین کردوە. هەروەها ئەوەی کە لێرەدا گرینگە باسی لێ بکرێ، بێمتمانەیی خەڵک و ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەم ئامارە دەوڵەتییانە و بە ئەگەری زۆر ئامارە ڕاستەکان بە چەند قات لەوەندەی کە ڕادەگەیەندرێ، زیاترە.











