له درێژەی زنجیرە دانیشتنەکانی پاییزیی ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان، کۆڕی خوێندنەوەو لێکدانەوەی بەرهەمەکانی یوونس رەزایی بە بەشداری رێژەیەکی بەرچاو لە شاعیران و نووسەرانی بۆکانو شارەکانی دەوروبەر بەڕێوە چوو.
لهو کۆڕه ئهدهبییهدا د.رەهبەر مەحموودزادە، د.محەمەد رەحیمیان و ئەحمەد چاک وتارهکانیان له پێوهندی لهگهڵ بهرههمهکانی یوونس ڕهزاییدا پێشکێش کرد.
د.مەحمودزادە، مامۆستای زانکۆ و رەخنەگر، باسەکهی بۆ خوێندنهوهی یەکێک لە شێعرەکانی یوونس رەزایی بە نوی “نەشتەر بە رەنگێکی دیکەی ترەوە”، تهرخان کردبوو. مەحموودزادە سەرەتا باسێکی گشتی لە سهر ڕەوتی شێعری شێت ئاراسته کردو پاشان پەرژایه سەر شێعری باسکراو و تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕەوتەی لەو شێعرەدا دەستنیشان کرد .مەحموودزادە جەختی کردەوە کە رەزایی لە نێوان ماناسڕینەوە و ماناسازی به یارمەتی وێنه، بژاردەی دووهەمی هەڵبژاردوهو بەم شێوەیه درێژەی به نووسینەکانی خۆی داوە.
وتاربێژی دووهەم د.رەحیمیان، مامۆستای زانکۆ و رەخنەگر بوو که چەمکی کارەساتی لە شێعرەکانی یوونس رەزاییدا خسته بەر باسو؛ تیشکی خسته سهر ئهوهی کە چۆناوچۆن شاعیر وێڕای پاراستنی جوانیناسیی دەق، کارەساتی وەک ئەمرێکی مێژوویی زەق کردۆتەوە، به شێوەیەک کە بتوانێ زمانحاڵی تڕاژێدیا و مەینەتییەکانی یەک نەتەوە بێ.
ئەحمەد چاک، رەخنەگر و توێژەری ئەدەبی دوایین وتاربێژی کۆڕەکە بوو که باسی لە ئاڵوگۆڕەکانی شێعری شێت کرد کە لە ماوەی پێکهاتنیەوە بە خۆیەوە بینیوە.
ئەحمەد چاک باسی لەوە کرد کە شێعری شێت به فۆڕمیکی قورس و زمانیکی پتەو و چەن توێژیو لە دووتوێی کۆمەڵە شێعری “شین ترین بەتاڵ” هاتە گۆڕەپانی شێعری هاوچەرخی کوردییەوە؛ بەڵام لەو چەند ساڵەی دواییدا زمان وێڕای پاراستنی چوارچێوەی گشتی شێعری شێت، زمان بەرەو جۆرێک سەمیمیەت هەنگاوی ناوە. پرسیارو تێبینی ئامادەبووان بەشی کۆتایی کۆڕەکەی پێک هێنا.
جێێ ئاماژەیه کە کۆمەڵیک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد لەو دانیشتنەدا بەشدار بوون کە لە کۆتایی بەرنامەکەدا وتاری خۆیان لە سهر پشتگیری لەو رەوتەی کە ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان گرتوویەته بەر، لە لایەن نوینەری ئەو ئەنجومەنه “شەویار گولابی ئازەر” پێشکەش کرد.
سهرچاوه” ماڵپهڕی ئهنجومهنی ئهدهبیی بۆکان