ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی حاجی “ئەحمەد هەوراز” باوکی شاخەوانی قارەمان و ناوداری کورد “محەممەد هەوراز” لە شاری نەغەدە کۆچی دوایی کرد.
حاجی “ئەحمەد”، کەسێکی نیشتماندۆست، خۆشەویست و جێمتمانەی خەڵکی ناوچەکەی خۆی بوو، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خاوەن پێشینەی تێکۆشان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات لە سەردەمی کۆماری کوردستان و هەروەها لە قۆناغەکانی دواتردا بوو.
حاجی ئەحمەد بە هۆی هەستی نیشتمانپەروەری و کوردایەتیی بەردەوام لەگەڵ ئەزیەت و ئازاری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو ڕوو دەبووەوە و بۆ ماوەیەکیش زیندانی کراوە.
ناوبراو باوکی شاخەوانی نیشتمانپەروەر و ناوداری کورد “محەممەد هەوراز″ە کە چەندین سەرکەوتنی جیهانیی بەدەست هێناوە و توانیبووی بەسەر چەندین لووتکەی بەناوبانگی جیهاندا سەر کەوێ، تا دواجار هەر لەم ڕێگەیەدا ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی، کاتێک لە وڵاتی پاکستان بەسەر چیای “گاشربرۆم”ـدا سەر دەکەوت، کەوتە ژێر ڕنووی بەفرەوە و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی پاکستان گیانی لەدەست دا.
جێی ئاماژەیە، تەرمی حاجی “ئەحمەد هەوراز” لە تەنیشت گڵکۆی کوڕەکەی لە داوێنی چیای “سوڵتان یاقوب”ـی نەغەدە بەخاک سپێردرا.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی حاجی ئەحمەد هەوراز و سەرجەم خزم و کەسوکاری دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.











