لە درێژەی ڕەشبگیریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار، سێ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر کراون.
بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە بە دەستمان گەیشتوون، ڕۆژی شەممە، ٢١ـی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم لە گەڕەکی “کۆنەخانێ”ـی پیرانشار، هاووڵاتییەکیان بە ناوی “عەلی زەواری” بە تۆمەتی هاوکاریی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر کردوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایان گواستوە. سەرەڕای هەوڵی بنەماڵەی ناوبراو بۆ وەدەستهێنانی زانیاری سەبارەت بە شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان، تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە شوێنی ڕاگیران و دۆخی تەندروستیی ناوبراو لەبەردەست دا نییە.
هەروەها هاوکات لەگەڵ دەسبەسەر کرانی عەلی زەواری، هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هاووڵاتییەکی دیکەیان لە گوندی “پەسوێ” بەناوی “عادڵ شێخە” دەسبەسەر کردوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستویانەتەوە. هەروەها لە گوندی “کانی بی”ـی سەردەشت، هاووڵاتییەک بە ناوی “یووسف جەهان ئارا”، بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار براوە.
شایانی باسە کە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دەیان کەس لە خەڵکی شار و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەسبەسەر کردوە.











