دوای تێپەڕینی یەک مانگ، کرێکارانی “حەوت تەپە” لە ناڕەزایەتیی دەربڕین بە دۆخی نالەباری کار و ژیانیان بەردەوامن و سەندیکای کرێکارانی حەوت تەپەش لەو بارەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
ڕۆژی سێشەممە ٢٤ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، کرێکارانی کارخانەی نەیشەکەری حەوت تەپە، دیسان لە بەرانبەر فەرمانداریی شاری شووش کۆبوونەوە و ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە پێنەدانی مووچە و حەقدەستی کارەکەیان لە لایەن خاوەن کارەکانەوە دەربڕی. ئەوان بە چەند دروشمی وەکوو “نان، کار، ئازادی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی”، درێژەیان بە خۆپێشاندانەکەیان دا. هەر لەو پێوەندییەدا سەندیکای کرێکارانی حەوت تەپەش بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی لەوە کردوە کە ئەو کرێکارانە لە سەرەتای ساڵی ٩٩ـی هەتاوییەوە لە کارخانەی نەیشەکەر کاریان کردوە، بەڵام دوای گوشار و هەوڵێکی زۆر، تەنیا بەشێکی کەمیان توانیویانە حەقدەستی مانگێک لە کارەکەیان وەر بگرن. سەندیکای کرێکارانی حەوت تەپە هەروەها ڕایگەیاند کە ٤ کەس لە کرێکارەکان لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەسبەسەر کراون، پێویستە ڕێز لە مافی ئەو کرێکارانە بگیرێ و هەرچی خێراتر بە داواکارییەکانی ئەو کرێکارانە وڵام بدرێتەوە و هەرچەشنە بێڕێزییەک بە کرێکارانی حەوت تەپە مەحکووم دەکرێ.
جێی ئاماژەیە کە ئەو کرێکارانە داوای پشتیوانیان لە خەڵک کردوە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی شاری شووش، بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکانیان لە خۆپێشاندانەکاندا بەشدار بوون.
شایانی باسە کە کرێکارانی کارخانەی نەیشەکەری حەوت تەپە تەنیا بەشێک لەو کرێکارانەی ئێرانن کە ڕۆژانە مافەکانیان پێشێل دەکرێ و دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە بە تایبەتی، سەبارەت بە مافی ئەوان بێدەنگ و بێهەڵوستن و هیچ هەوڵێک بۆ دابین کردنی مافەکانیان نادەن.