ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە کە ئێران پلەی حەوتەمی لە نێوان چەند وڵاتی جیهانی بە تووشبوونی کادری دەرمانی بە کۆرۆنا هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی، لە ئێران ٩١ کادری دەرمانی بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و ئەو وڵاتە لە نێوان ٧٩ وڵاتی جیهاندا پلەی حەوتمی هەیە و هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاندوە کە لە ٧٩ وڵاتی جیهاندا زیاتر لە ٣ هەزار کادر دەرمانی بە هۆی تووشبوون بە کۆڕۆناوە گیانیان لەدەست داوە و ئەو ئامارانە فەرمی نین و پێدەچێ زۆر زیاتر لەوەش بێ.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕایگەیاندوە کە دەوڵەتەکان بەرامبەر بە پاراستنی گیانی ئەو کادر و پزیشکانە کەمتەرخەم بوون و دەبێ لەو بارەوە لێپرسینەوەیان لێبکرێ.
“نەسروڵڵا فەتحیان” بەڕێوەبەریی هاوئاهەنگیی ستادی ڕووبەڕووبوونەوە دژی کۆرۆنا لە مانگی بانەمەڕدا ڕایگەیاندبوو کە زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کادری دەرمانی و پزیشکی لە ئێراندا بەهۆی تووشبوون بە کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە.
شایانی باسە کە بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تا ئێستا لە ئێران ١٣ هەزار و ٣٢ کەس بە هۆی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ٢٥٩هەزار و ٦٥٢ کەسیش تووشی کۆرۆنا بوون.