خامنەیی دانی بەوەدا ناوە کە خەڵکی ئێران ڕاسپاردەکانیان لە هەمبەر زیاد بوونی حەشیمەت لە ئێراندا جێبەجێ نەکردوە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیسی یازدەهەمی کۆماری ئیسلامیدا ئاماژەی بە شکستی سیاسەتی بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەشیمەت لە ئێراندا کرد و گوتی: ڕاسپاردەکانی من کە گرنیگی دان بە منداڵ بوون و بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەشیمەت لە ئێران بووە شکستی هێناوە، عەلی خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە پێویستی بە یاسا و بەدواداچوونی جددی دەزگای ئیجرایی هەیە و دەبێ لە پیری حەشیمەت بترسێین.
لە کاتێکدا کە بەشێک لە کارناسانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران ڕەخنەیان لەو سیاسەتەی “عەلی خامنەیی” ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئیڕان، لە بارەی بەرزبوونەوەی حەشیمەت لە ئێران گرتوە و خامنەیی ئەو ڕەخنانەی بە سەلیقەی چەوت زانی و گوتی لە جێگایەکدا خوێندوومەتەوە کە پیری حەشیمەت کێشە نییە، لە حالێکدا کە یەکێک لە بە سوودترین سەروەتی یەک وڵات حەشیمەتی گەنجی ئەو وڵاتەیە و جەختی لە سەر ئەوە کردەوە لە سەرەتای شۆڕش تا ئەمڕۆ خەڵکی ئێران گەنج بوون و بە دڵنیاییەوە ئەگەر وانەبووایە لە زۆر لە وڵاتانی دیکە وەدوا دەکەوتین.
هەر لەو پێوەندییەدا “مەسعوود پزشکیان” ئەندامیی کۆمیسیوۆنی تەندروستیی مەجلیس بە ئاماژە بە قسەکانی خامنەیی گوتی: سیاسەتی هاندانی گەنجەکان بەبێ ئەوەی کێشە سیاسیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان و بە تایبەت کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکرێن بێهوودەیە و لەو دۆخەی ئێستای ئێراندا ئەگەر گەنجەکان ژیانیش پێک بهێنن ژیانی بەشێک لەوان بەهۆی کێشەی ئابووری و بنەماڵەیی تووشی تەڵاق و لێک دابڕان دەبن.