بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵای عێراق هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکا، ئەگەر بەم زوانە لە عێراق نەچنە دەرەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئەلعەرەبیە”، ڕۆژی یەکشەممە٢٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵای عێراق بە ناوی “ئەبوعەلی عەسکەری” بەرپرسی ئاسایشی چەکدارانی ئەو گرووپە ڕایگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک ڕازی نابن بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا و ئامادەن کە هێرشێکی بەهێز بکەنە سەر ئەمریکاییەکان و هیچ لایەنێکی عێراقیش بۆی نییە پشتیوانی لە ئەمریکاییەکان بکا، ئەگینا ئەوانیش بە دوژمن حیساب دەکەن.
شایانی باسە کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە عێراق کارناسێکی باڵای ئاسایشی عێراق بە ناوی “هێشام ئەلهاشمی” لە بەر ماڵەکەی خۆی لە بەغدا تێرۆر کرا کە ئاماژەکان بۆ چەکدارانی حیزبوڵای لوبنان دەچێ کە پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لە ناوبراو کردبوو.
جێگای ئاماژەیە کە ئەمریکا گوشاری خستۆتە سەر بەرپرسانی حکوومەتی عێراق و بە تایبەت سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە مستەفا کازمی بۆ کەمکردنەوەی هێژمۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەراوێز خستن و لەنێو بردنی گرووپەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە عێراق و ئەمەش ئەو گرووپانەی تووڕە کردوە.












