حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی “سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە” لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.
بە پێی زانیارییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە ئەو دوو بەند کراوە لە پێش چاوی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەکەی ١٠ ساڵ پێشی مەهاباد کە لە کاتی نمایشی سەربازی ساڵوەگەری شەڕی ئێران و عێراق لە مەهاباد ڕووی دابوو، لە سێدارە دراون.
شایانی باسە کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوێکدا جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ئەو دوو لاوەی بە پێشێلکردنی ئاشکرای دادپەروەری و پێشێلکردنی کارەساتبار و قەرەبوو نەکراوی مافی ژیان زانیبوو.
ئەو سێ بەند کراوە سیاسییە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعات بە مەبەستی دانپێدانان ئەشکەنجە کراون، لە ئاکامدا ناچار کران لە دانپێدانانی تلویزیۆنیدا بەشدار بن و دان بەو تاوانانەدا بنێن.
ئەوە لە حاڵێک دایە کە هەر لە دوای تەقینەوەکەی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی خاکپوور فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەیان دەسبەسەر کردوە، بەڵام ئەو دوو زیندانییە کە لە سێدارە دران چەند ساڵ دواتر دەسبەسەر کران و لە ژێر ئەشکەنجەدا دانیان بەو تاوانانەدا ناوە.











