کەسایەتییە ناسراو و پارتە سیاسییەکانی باکووری کوردستان تێرۆری دوکتور قاسملوویان مەحکووم کرد.
ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی لە یادی ٣١ساڵەی تێرۆری ڕێبەری شەهیدمان دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەستی ڕەشی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئۆتریش، پارتی سۆسیالیستی باکووری کوردستان بە هەڵواسینی وێنەی ڕێبەری ناوداری کورد لە بنکەی سەرەکی ئەو حیزبە لە دیاربەکری باکووری کوردستان کە لە سەری نووسرابوو ئێمە شەهید دوکتور قاسملوو لە بیر ناکەین وێڕای مەحکووم کردنی ئەو جینایەتە ڕێزیان لە کەسایەتیی و خەبات و تێکۆشانی ئەو ڕێبەرە مەزنە گرت.
هەروەها “عوسمان بایدەمیر” کەسایەتیی دیار و پارلەمانتاری باکووری کوردستان لە پارلمانی تورکیە بە کێشانی تابلۆیەکی گەورە لە دوکتور قاسملوو کە بە وێنەی ڕێبەرانی دیکەی کوردستان نەخشێندراوە ڕێزی لە شەهیدی سەرکردە دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو گرت و لە سەر لاپەڕەی یوتیووبی خۆی بە نووسینی “شەهید دوکتور قاسملوو دوکتوری برین و ژانی گەلەکەی بوو، سڵاو لە شەهید قاسملوو و ڕەحمەتی خودا لە شەهید قاسملووبێ” ئەمەگناسی و ڕێزی تایبەتی بۆ دوکتور قاسملوو دەربڕی.
لە لایەن ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە وێڕای دەستخۆشی و پێزانینی خۆمان بۆ هاوڕێیانی بەڕێزی پارتی سۆسیالیستی کوردستانی باکوور و هەروەها ڕێزدارعوسمان بایدەمیر سپاسی هەست و ماندووبوونیان دەکەین.











