کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!
رێبوارانی ڕێگای پڕ سەروەریی دوکتور قاسملووی ڕێبەر!
ئەو ساڵ لە هەلومەرجێکدا کارەساتی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕۆژی تیرۆرکران و شەهیدبوونی ڕێبەری گەورەمان دوکتور قاسملوو و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری ئازەرمان بەڕێ کرد کە نیشتمانەکەمان لەبەر پەتای کۆرۆنا و سەپاندنی دۆخێکی تەواو ئەمنیەتیتر لە جاران و گرتن و دەستبەسەر کردنی لاوان و تێکۆشەران، ڕۆژانێکی پڕ مەینەتی بەڕێ دەکا. بەڵام ئێوەی بە هەڵوێست و تێکۆشەر زۆر بە گوڕتر لە ساڵانی پێشوو و بە هەموو لایەکتان نیشان دا کە لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێبەری ناوداری خۆتان لە بیر ناکەن و بە کار و چالاکیی خۆتان جارێکیتر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانتان گوتەوە کە ئەو جینایەتە سامناکە لەبیر دەکەن و سوورتر لە هەمیشە لەسەر ڕێگا و ڕێبازی دوکتور قاسملوو بەردەوام دەبین.
کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەستی بۆ ئەو تیرۆرە برد کە پێی وابوو بە تێرۆرکردنی ڕێبەری گەورەمان دوکتور قاسملوو دەتوانێ بزووتنەوەی کوردستان و حیزبی دێموکرات تووشی شکست و چۆکدادان بکا، بەڵام ئێوەی تێکۆشەر بە یادکردنەوەکانتان و بە هەموو ڕێگایەک کە بۆتان دەکرا، بە کۆماری تیرۆریستپەروەری ئێرانتان گوتەوە کە چەندە خەیاڵیان خاوە.
هاوڕێیانی سەر بە ڕێکخستنەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە نێوخۆی وڵات!
ئێوە لە ڕێگای نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور قاسملوو و بە تایبەتی ناردنی دەنگ و گرتە ویدیۆکانتان لە شار و گوندەکانی کوردستان هەر لە لوڕستانەوە تا ماکۆ سەلماندتان کە ناو و یادی دوکتور قاسملوو بۆ هەتا هەتایە لە ئاسمانی نیشتمانەکەماندا دەدرەوشێتەوە و ڕۆشنکەرەوەی ڕێگای خەباتمانە.
لە لایەکی دیکەوە خاڵی بەرچاوی وەبیرهێنانەوەی ئەم یادە ئەوە بوو کە ئەوساڵ زیاتر لە ساڵانی پیشوو، کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان، چالاکانی مەدەنی، نووسەران، شاعیران و هونەرمەندان لەنێوخۆی وڵات بە نووسینی و دانانی بابەت و وێنەی دوکتور و دانانی شێعر و پارچە موسیقایەک و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕێزیان لە ناو و یادی ڕێبەری شەهیدمان، دوکتور قاسملوو گرت.
هەر بۆیە لە لایەن کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پڕبەدڵ سپاسی ئەو ئازیزانە و چالاکییەکانی ئێوە تێکۆشەرانی سەر بە تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات لە سەرانسەری کوردستان و هەروەها شارەکانی ئێران و کوردانی نیشتەجێی خوراسان دەکەین.
ماندوو نەبن و بە هیوای هەڵهاتنی خۆری ئازادی و گەییشتن بە ئاواتەکانی دوکتور قاسملوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی
٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩