لە درێژەی دەسبەسەر کردنەکان لە کوردستان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار کەس لە شارەکانی مەهاباد، کرماشان، سەردەشت و پیرانشار دەسبەسەر کراون کە یەکیان مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵە.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵكی شاری مهاباد بە ناوی “مەتین خولە” لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و دوای دەسبەسەر کرانی ناوبراو ماڵی باوکیان پشکنیوە و کەرەستە شەخسییەکانی “مەتین”ـیان، لەگەڵ خۆیاندا بردوە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی تا ئێستا لە شوێنی ڕاگرتن و هۆکاری دەسبەسەر کردنی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەردەست دا نییە.
لە هەمان ڕۆژدا، هاووڵاتییەک بە ناوی “عوسمان ڕووستا” خەڵکی گوندی میراوێی سەردەشت، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر و چارەنووسی ناڕوونە، ناوبراو سەرۆکی شوورای چارەسەری کێشەکانی گوندی میراوێ بوو.
هەروەها لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی”کێلەسپیانی” ناوچەی لاجانی پیرانشار بە ناوی “دیاکۆ تارا” لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دیاکۆ تارا بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا هاووڵاتییەکی خەڵکی کرماشان بە ناوی “فەرشاد بەیگی” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر و چارەنووسی نادیارە.
شایانی باسە کە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بیانووی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە گرتنی خەڵکی کوردستان و ساڵانە بە دەیان کەس بە تۆمەتی ناڕەوا دەکەونە بەندیخانەکانەوە و سزای قورسیان بە سەردا دەسەپێ.
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە بە دژی ڕووناکبیران و ئازادیخوازان بووە و هەمیشە هەوڵی داوە ئەو دەنگانە کپ بکا و بە هەموو شێوازە نامرۆڤانەکان سەرکوتی بیروڕا جیاوازەکان بکا.











