کارناسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا دەڵێ: “تەقینەوەی بنکە هەستیارە ناوکی و مووشەکییەکانی ئێران تەنیا دەتوانێ لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بێ”.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “فاکس نیووز” کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی بڵاوی کردەوە، ژەنڕاڵی خانەنشینکراو و کارناسی باڵای سەربازیی ئەمریکا “جەک کین” ڕایگەیاند کە تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکانی بنکە ناوکی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند حەوتووی ڕابردوودا ڕێکخراو و بەرنامە بۆ داڕێژراون و بە پێچەوانەی ڕوون کردنەوەکانی ئەو ڕێژیمەن کە دەیهەوێ تەقینەوەکان بە ئاسایی و ڕووداوی نەخوازراو ڕابگەیەنێ.
ئەو شرۆڤە کارە سەربازییە لە درێژەدا دەڵێ ئیسرائیل شێوەیەکی زۆر زیرەکانەی بۆ لێدانی بنکە هەستیارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵبژاردوە کە هەم خۆی دەتوانێ نکۆڵی لێ بکا و هەمیش کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێ بیشارێتەوە و تووشی شەڕێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل نەبێ.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرەڕای هەڕەشە بێبنەماکانی لە ئیسرائیل و هێرشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر هێزەکانی ئەو ڕێژیمە لە سووریە و لەم دواییانەشدا لە نێوخۆی ئێران نایهەوێ تووشی شەڕ ببێ لەگەڵ ئەو وڵاتە و زیاتریش بە تەمای هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتووی ئەمریکایە و پێی باشە کە کۆماریخوازەکان دۆڕاوی ئەو هەڵبژاردنانە بن لە ئەمریکا و دێموکراتەکان بتوانن گەمارۆکان لەسەر ئەو ڕێژیمە هەڵگرن.












