خامنەیی لەسەر کار لادانی حەسەن ڕووحانی بە گونجاو نازانێ.
“عەلی خامنەیی”، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە ویدیۆ کۆنفڕانسێکدا کە لەگەڵ نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم بەڕێوە چوو، ناڕاستەوخۆ لەسەر باسی لە سەرکار لادانی”حەسەن ڕووحانی” کە لە لایەن بەشێک لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمەوە هاتۆتە ئاراوە دژایەتی کرد.
خامنەیی لەو چاوپێکەوتنەدا کە بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ئانلاین بەڕێوە چوو گوتی: باوەڕم وایە کە دەبێ دەوڵەت تا دوایین ڕۆژ ئەرکەکانی خۆی بە باشی بەڕێوە ببا و هیچ کات لە بەڕێوەبردنی ڕەوتی کاری بێئیرادە و لەرزۆک نەبێ.
شایانی باسە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ١٣٠ نوێنەری مەجلیسی ئێران لە نامەیەکدا گەڵاڵەی لێپرسینەوە و لەسەر کار لادانی حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماریان واژۆ کردبوو و دابوویان بە هەیئەتی بەڕێوەبەریی مەجلیس.
بە ڕای کارناسانی کاروباری نێوخۆیی ئێران، بە سەرنجدان بە قسەکانی “عەلی خامنەیی”، نوێنەرانی مەجلیس لە سەر ئەو شێوە گەڵاڵانە سوور نابن و بەدواداچوونی بۆ ناکەن.
عەلی خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو شەڕ و کێشمەکێشە لە بەشە سەرەکییەکاندا زیان بە بیروڕای گشتی دەگەیەنێ و لە دۆخی هەستیاری ساڵی ئاخری دەوڵەت و ساڵی یەکەمی مەجلیس، دەبێ ئەو دوو بەشە بە شێوەیەک بەڕێوەریی بکەن کە کاروباری گرینگی وڵات زەربەی وێنەکەوێ.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئابووریی ئێران تووشی نەخۆشی بووە و نابێ چاوەڕوانی ئۆمێدی پووچ و بێبنەما لە دەرەوەی سنوورەکان بین.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لەو چاوپێکەوتنەدا مەجلیسی یازدەهەمی بە بەهێزترین و شۆڕشیترین مەجلیس لە دوای شۆڕش ناوبرد و ئامادە بوونی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بە شیاو زانی، لە حاڵێکدا بەپێی ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی ئێران بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژادنەکانی مەجلیسی یازدەهەمدا لەسەتا ٤٢ بوو کە لە ماوەی ٤١ ساڵی ڕابردوودا کەمترین ڕێژەیە، بەڵام بە پێی هەواڵدەرییەکانی دیکە ئەو ڕێژەیە لەسەتا ٢٥ بووە.