١١ گوردان هێزی تایبەتی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشان جێگیر دەکرێن.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، چەند ڕۆژێکە کۆماری ئیسلامیی ئێران ١١ گوردان هێزی تایبەتی سەرکوتی خۆپێشاندەران کە بۆ ئەم مەبەستە پەروەردە کراون هێناوەتە کرماشان و لەو شارە جێگیری کردوون.
بە پێی چەند سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو ئەو هێزە زیاتر لە ١٥٠٠ کەس دەبن و بۆ سەرکوتی خۆپێشاندەران لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان، لوڕستان ،ئیلام و هەمەدان لە ئەگەری هەر سەرهەڵدانێک و ناڕەزایەتییەکدا کەلکیان لێوەردەگرن.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران باش دەزانێ کە زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران و بە تایبەت کوردستان لەو ڕێژیمە بێزارن و کێشە کەڵەکە بووەکانی ژیانی ئەو خەڵکەش ڕۆژ بە ڕۆژ بە هۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕوو لە زیاد بوونە و ڕێژیم هەردەم چاوەڕوانی سەرهەڵدانی خەڵکی ئێران دەکا و دەیهەوێ بە زەبری هێز مانەوەی خۆی مسۆگەر بکا.











