بە هۆی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا و تووشبوونی کەسانێکی زۆر بەو ڤایرۆسە، نەخۆشخانەکان جێگەی ڕاگرتنی نەخۆشەکانیان نەماوە و کارمەند و پزشکەکانیش مەترسیی زۆری تووشبوون بە ڤایرۆسەکەیان لە سەرە.
لە تازەترین هەواڵدا بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی دامەزراوەی بێهداشتی و دەرمانیی “ساینقەڵا”، باسی لەوە کردوە کە ٥١ کارمەندی پزشکی و دەرمانی لەو شارە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
لە لایەکی تریشەوە بەرپرسی دامەزراوەی بێهداشتی و دەرمانی لە شاری مەهاباد ئاماژەی بە تووشبوونی ١٤٠ کەس لە کارمەندانی تەندروستیی ئەو شارە کردوە.
جێی ئاماژەیە، هۆکاری سەرەکیی تووشبوونی کارمەندانی تەندروستی بەم ڤایرۆسە دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی ئیمکانات و پێداویستیی تەندروستی بۆ پێشگیری لە ڤایرۆسەکە، کە بە پێی زانیارییە بڵاو کراوەکان کادرە دەرمانییەکان لە زۆربەی نەخۆشخانەکان لەگەڵ کەمیی دەمامک، دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت بەرەو ڕوون.
لە لایەکی تریش ئەرکی کارمەندانی تەندروستی بە هۆی کەمیی کادری پزشکی و دەرمانی لە نەخۆشخانەکان زیاتر قورس بووە و هەر کارمەندێک ناچارە بە هۆی زۆریی نەخۆشەکان ئەرکی زیاتر لە سێ کارمەند ڕاپەڕێنێ، بە جۆرێک کە کەمیی ئیمکانات و پێداویستییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کارمەندەکانیش وێڕای نەخۆشەکان تووشی ڤایرۆسەکە ببن و لەم ڕێگەیەشدا ژمارەیەک لەو کارمەندانە گیانیان لەدەست داوە و، سەرەڕای داواکارییەکی زۆری نەخۆشخانەکانیش بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پێویست، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەرپرسان بە پێی پێویست داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکردوە.











