حەشدی شەعبی دەڵێ ٣ بارهەڵگری ئەمریکامان سووتاندوە و، پێنتاگۆن ڕەتی دەکاتەوە.
دوێنێ شەممە ٢١ـی پووشپەڕ، چەندین هەواڵ بڵاو بووەوە کە گوایە میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی عێراق، لە ناوچەی “دیوانییە”ی عێراق هێرشیان کردوەتە سەر کاروانێکی نیزامیی هێزەکانی ئەمریکا و دوو تانکێری هەڵگری سووتەمەنی و ماشینێکی نیزامییان تەقاندۆتەوە. هەر لەو پێوەندییەدا، ئەمڕۆ یەکشەممە وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە کەناڵی”حوڕە”ی ئەمریکای ڕاگەیاندوە کە هیچ بەرژەوەندییەکی ئەمریکا لە باشووری عێراق بە تایبەت لە پارێزگای دیوانییە و دەروبەری ئەو پارێزگایە نەکراوەتە ئامانج.
ئەم ڕەتکردنەوەی پێنتاگۆن لە وڵامی ئەو هەواڵانەدا هات کە لە چەند کەناڵێکی ڕاگەیاندنی عێراق بڵاو کرانەوە، سەبارەت بەوەیکە گوایە شەوی ڕابردوو سێ بارهەڵگری گواستنەوەی کەلوپەل و ئۆتۆمبێل کە کەرەستەیان بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەگواستەوە لەسەر ڕێگەی خێرای نێوان سەماوە و دیوانییە لە باشووری عێراق لە لایەن چەکدارانی گرووپێکی شیعەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانییان دەکا، کراونەتە ئامانج و سووتێنراون.
تەنانەت چەند ماڵپەڕێکی نزیک لە گرووپە شیعە چەکدارەکانی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق شەوی ڕابردوو چەند وێنەیەکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند، ئەوانە دیمەنی سووتانی بارهەڵگرەکان و کەرەستەکانی هێزەکانی ئەمریکان لە باشووری عێراق.
ئەوە لە کاتێکدایە بە هۆی هەوڵی بۆردومانکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کوژرانی “هشام الهاشمی”، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازیی نزیک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لایەن چەکدارانی نەناسراوەوە گرژی لە نێوان حکوومەتی عێراق و ئەمریکا لە لایەک و گرووپە چەکدارە شیعەکانی هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق لە لایەکی دیکەوە، گەیشتوەتە ئاستێکی بەرز.












