هەواڵنێرانی بێسنوور بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی میدیایی “ڕوحۆڵڵا زەم”ـیان مەحکووم کرد.
هەواڵنێرانی بێسنوور لە نووسراەیەک لە توویتێردا سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی “ڕوحوڵڵا زەم” کە لە میدیای حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاو بۆوە، ناڕەزایەتییان دەربڕی و ئەو کارەی کاربەدەستانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بە دانپێدانانی ئاشکرای ئەو ڕێژیمە بە ئەشکەنجەکردنی زیندانییان و جینایەت بەدژی مرۆڤ ناو برد.
ڕوحوڵڵا زەم، ڕۆژی ڕابردوو لە بەرنامەی تلەڤیزیۆنیی “بدون تعارف”ـدا ئامادە بوو و ئەو قسانەی کە پێشوو لە بەرنامەیەکی دیکەدا کردبووی دووپاتی کردنەوە. ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بە دەیان جار لە بەر بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی بەشێک لە چالاکانی مەدەنی و کەسانی تر ڕەخنەیان لە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتوە.
هەواڵنێرانی بێسنوور کە لە بواری داکۆکیکردن لە ئازادیی چاپەمەنی و پشتگیری لە هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووساندا چالاکی دەکەن، ڕۆژی شەممە ٢١ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، لە تویتێکدا ناڕەزایەتیی خۆیان بەرامبەر بە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆەرملێی “ڕوحوڵڵا زەم” لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەربڕی.
ڕوحوڵڵا زەم، بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامیی “ئامەد نیووز” مانگی خەزەڵوەری ٩٨ـی هەتاوی، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرا و لە دادگای تاوانەکان، ١٧ تۆمەتی وەپاڵ درا کە یەک لەوان «افساد فی الارض» بووە کە ئەو تۆمەتە لە لایەن ناوبراوەوە ڕەت کراوە.
هەواڵنێرانی بێسنوور لە پێوەندی لەگەڵ تۆمەتبار کردنی زەم بە “افساد فی الٲرض” و جاسووسی و، محاکمە کردنی ناوبراو لە لایەن قازی “سەڵەواتی”ـیەوە، کە بە پێی یاسای تاوانەکانی ئیسلامی، سزای ئێعدامی بۆ دەبڕێتەوە داوایان لە هەواڵنێرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد کە لە سەر حوکمی ڕوحوڵڵا زەم، دژکردەوەیان هەبێ و کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن ئەو حوکمە هەڵوەشێنێتەوە.












