“بەرزان یار ئەحمەدی”، برای ئەرسەلان یارئەحمەدی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی نەخۆشخانەوە لە تاران گیانی لەدەست داوە.
“ئەرسەلان یارئەحمەدی”، ڕایگەیاندوە کە بەرزان، لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا کە لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران خوێندکار بووە، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارەدا خەوێندراوە، بەڵام هیچ چاودێرییەکی پزیشکیی بەسەرەوە نەبووە و بە هۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی نەخۆشخانەوە ئەمڕۆ گیانی لەدەست داوە. ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردوە کە بڕیار بووە براکەی، بە هۆی لاوازبوونی جەستەیەوە بۆ بەشی چاودێریی تایبەتیی نەخۆشخانە یان هەمان بەشی” ئای سی یوو” بگوازرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی نەخۆشخانە بە شێوەیەکی دوور لە یاسا و ڕێسا ئینسانییەکانەوە ڕایانگەیاندوە کە شوێنی خاڵیمان بۆ ڕاگرتنی ناوبراو نییە.
شایانی باسە کە ڕۆژانە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییدا دەیان کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هۆی کەمتەرخەمیی کاربەدەستان، نەبوونی دەرمان و کەرەسەی پێویست و نەبوونی کادر و پزیشک بە ڕاددەی پێویست گیانیان لەدەست دەدەن. هەروەها هەر بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژانە لە سەرانسەری ئێران زیاتر لە ٢ هەزار کەس تووشی پەتای کۆرۆنا دەبن، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ هەوڵێک بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نادەن.