لەسەتا ٧٠ی کرێکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان کاریان دەکرد بەهۆی تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا کارەکانیان لەدەست داوە.
بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی سێنفی کرێکارانی بیناسازی پارێزگای سنە گوتی: ئاماری دروست لە کرێکارانی بیناسازی لەبەردەست دا نییە، چونکە کرێکاران بە ویزای گەشتیاریی دەچنە هەرێمی کوردستان، نزیکەی لەسەتا ٣٠ ئەو کرێکارانە لە باشووری کوردستان ماونەوە.
کرێکارانی بیناسازی بە هۆی تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا و ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە دۆخێکی نالەباردان و بەشێکی زۆریان بێکار بوون، سەرەڕای ئەوەش بەشێک لە کرێکاران لە هەرێمی کوردستان ماونەوە. کرێکارانی کۆچەر دەبێ بۆ ئیقامە ١٥ تا ٢٠ میلیۆن تمەن پارە بدەن کە بۆیان جێبەجێ نابێ و ناچارن هەموو مانگێ جارێک بچنەوە سەر سنووری باشماخ ١٤٠ هەزار تمەن پارە بدەن بۆ نوێکردنەوەی ویزای گەشتیارییەکەیان.
بەڕێوەبەری ئەنجومەنی سێنفیی کرێکارانی بیناسازی دەڵێ: کرێکاران لە هیچ لایەکەوە پشتگرییان لێناکرێ، لە حاڵێکدا کە تەنیا ڕێگەی پەیداکردنی بژیوی ژیانیان کرێکارییە و ئەو ڕۆژانە بە هۆی تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا مەجبوورن پەنا بەرن بۆ کۆڵبەری لە سەر سنوورەکان و دەسفرۆشی لە شەقامەکاندا و یان خانەنشین بوون.
کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەر گەندەڵی ماڵی و خەرجکردنی سەروەت و سامانی ئێران لە ڕێگای نانەوەی شەڕ و ئاژاوە لە وڵاتانی دیکە و ناوچەکەدا و پشتیوانیکردنی لە گرووپە تێرۆریستییەکان، هیچ ئاوڕێک لە دۆخی خەڵكی هەژار و بێدەرەتانی وڵاتی ئێران و بە تایبەت کوردستان ناداتەوە.











