دوکتور “ناسر فەهیمی”، زیندانیی سیاسیی کورد بە بۆنەی ٣١ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو لە زیندانی ئێڤینەوە دەڵێ: جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بیرمان ناچێ.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوکتور “ناسر فەهیمی”، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ئێڤینەوە بە بۆنەی ٣١ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو بە دەست دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەڵێ: با جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بزانن کە ئێمە جینایەتی تێرۆری دوکتورعەبدولڕەحمان قاسملوو و هەزاران جینایەتی دیکەی ئەو ڕێژیمەمان لە بیر ناچێ.
هەروەها لە درێژەی پەیامەکەیدا دوکتور فەهیمی دەڵێ: یاد و ناوی دوکتور قاسملوو، ئەو ڕێبەرە مەزنە بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندوە.
شایانی باسە کە دوکتور ناسر فەهیمی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لە تاران دەسبەسەر کرا و بە تۆمەتی دژایەتیی لەگەڵ خودا و تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە و تا ئێستاش هەر لە بەندیخانەی ئێڤیندا دەسبەسەرە، بەڵام زیندان و ئەشکەنجەی ڕێژیم نەیتوانیوە چۆک بەو ئازادیخوازە کوردە دابدا و بەردەوام ناڕەزایەتیی خۆی بەو سیستمە پاوانخواز و مرۆڤکوژە دەربڕیوە.