١٠٠ هەزار تووشبووی ماددەی هۆشبەر لە ئێراندا هەیە کە بە ئاشکرا هەموو تاوانێک دەکەن.
“ئەسکەندەر مۆئمنی” بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان ڕایگەیاند کە ٦٠ تا ١٠٠ هەزار کەسی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لە ئێران بوونیان هەیە کە بە ئاشکرا و بە بەرچاوی هەموانەوە هەموو تاوانێک دەکەن کە لەو ڕێژەیە زیاتر لە ١٥ هەزار کەس لە شاری تارانن، بە وتەی ناوبراو دوای تاران شارەکانی مەشهەد و ئیسفەهان زۆرترین تووشبووانی ماددەی هۆشبەری تێدایە کە بە ئاشکرا کەلک لە ماددە هۆشبەرەکان وەردەگرن و تاوانەکانی دیکەش ئەنجام دەدەن و هیچ بایەخێک بە دەوروبەریان نادەن.
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددەی هۆشبەر ئاماژەی بەوەش کرد کە بەشێک لە تووشبووان لە وەرزی سەرمادا ڕوو دەکەنە ناوچە گەرمەسێرەکانی ئێران.
ناوبراو دەڵێ کە حکوومەت بە تەنیا ناتوانێ ئەو دیاردەیە وەئەستۆ بگرێ و بەشێک لە ناوەندەکانی پێوەندیدار بە کەسانی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوە دەچێ.
جێگەی ئاماژەیە کە ئەو قسانەی ناوبراو لە کاتێک دایە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هیچ گرینگییەک بە بارودۆخی تووشبووان بە ماددە هۆشبەرەکان نادەن، بەڵکوو لە ڕێگەی دەست و پێوەندییەکانی خۆیان ماددەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە و ساڵانە بە دەیان کەس بە ئاماری تووشبووان بە ماددەی هۆشبەرەوە لە ئێران زیاد دەبێ.
شایانی باسە کە بە پێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماری تووشبووان بە ماددەی هۆشبەر لەو وڵاتە نزیکەی سێ میلیۆن کەسە کە لە سەتا ١٠ی تووشبووان ژنانن و تەمەنی تووشبووانیش بۆ ژێر ١٥ ساڵ دابەزیوە.