خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان!
هۆگرانی ڕێگا و بیر و ئامانجه‌کانی د.قاسملوو له ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
تێکۆشه‌ران، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان!
٢٢ی پووشپه‌ڕی هه‌موو ساڵێک وەبیرهێنه‌ره‌وه‌ی زامێکی قووڵه که به ده‌ستی ڕێبه‌ران و ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران له جه‌سته‌ی گه‌لی کورددا پێک هات. ٣١ ساڵ له مه‌وبه‌ر له ٢٢ی پووشپه‌ڕی سالی ١٣٦٨ی هه‌تاوی (١٣ی ژوئیه‌ی ١٩٨٩ی زایینی)دا، د.عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، هاوڕێ لەگەڵ عه‌بدوڵلا قادریئازهر ئه‌ندامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به‌رپرسی پێوەندییهکانی حیزب لە ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له ڤییه‌ن پێته‌ختی وڵاتی ئوتریش شه‌هید کران.
دوکتور قاسملوو به مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌کی ئاشتییانه بۆ چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌رده‌وام له هه‌وڵ و تێکۆشان‌دا بوو. ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی له ئاشتیخوازی و نیهتپاکیی د. قاسملوو که‌لکیان وه‌رگرت و وت‌ووێژیان کرده وه‌سیله‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به ئامانجه دزێوه‌که‌یان که تێرۆری ئه‌و ڕێبه‌ره مه‌زنه بوو. ئه‌وان له نه‌خش و ده‌وری کاریگه‌ری د. قاسملوو له بزووتنه‌وەی کورد و تێکۆشانی دیپڵۆماسیی ئه‌و بۆ ناساندنی جووڵانه‌وه‌ی کورد، نیگه‌ران و هه‌راسان بوون. هه‌ر بۆیه دوکتور قاسملوویان کرد به ئامانجی نەخشەیەکی تیرۆریستی و، بۆ جێبه‌جێکردنی پیلانه‌که‌یان چه‌ند تێرۆریستێکیان به ناوی دیپڵۆمات بۆ شه‌هیدکردنی سیاسه‌تمه‌داری به‌توانای نێو گۆڕه‌پانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد، و سیمای هه‌ره دیاری خه‌باتی دژی دیکتاتۆری له ئێران، ڕاسپارد. ئامانجی ئه‌وان ئەوە بوو کە به شه‌هید کردنی د. قاسملوو، زەبرێکی گەورە لە خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی و حه‌قخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بدەن و، خۆیان بە یەکجاری لە دەست ئەم بزووتنەوەیە ئاسوودە بکەن. به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پیلانه تیرۆریستییه‌که‌یان سه‌رکه‌وتوو بوو، خه‌یاڵ و خه‌ونه‌که‌یان لەبارەی بە چۆکداهاتنی ئەو بزووتنەوەیە نه‌هاته دی. به شه‌هید کردنی د. قاسملوو، خه‌باتی گه‌لی کورد و حیزبی دیموکرات نەک هەر کۆتایی پێ نه‌هات، به‌ڵکوو ڕێبواران و خه‌باتکارانی ڕێگای ئه‌و ڕێبه‌ره لێهاتووه، شیلگیرانه‌تر له جاران درێژه‌یان به ڕیگاکه‌ی دا.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بە ڕاستییەک بکەین. شه‌هیدکردنی د. قاسملوو و هاوڕێیانی له سه‌ر مێزی وتووێژ ئه‌م تێرۆره‌ی تا ڕادەیەکی زۆر له تێرۆره سیاسییه‌کانی دیکه‌ی کۆماری ئیسلامی، جیا کردۆته‌وه. ڕاسته ئه‌وانی دیکه‌ش، هه‌ر کرده‌وه‌یه‌کی تێرۆریستیی و مه‌حکووم بوون و، به هۆی ئه‌وانه‌وه زه‌بر له هێزی خه‌باتکار و که‌سایه‌تیی تێکۆشه‌ر و به‌توانا دراوه، به‌ڵام که‌لکوه‌رگرتنی کۆماری ئیسلامی له تاکتیکی وتووێژ و قۆستنه‌وه‌ی نیازپاکیی د. قاسملوو بۆ نیازێکی چه‌په‌ڵ، دزێویی ئه‌و تاوانه‌ی له هه‌موو سنوورێک تێپه‌ڕاند. لێره‌دا مه‌سه‌له‌که هه‌ر ئه‌وه نییه که تێرۆره‌که، تێرۆرێکی ده‌وڵه‌تییه؛ هه‌ر ئه‌وه‌ش نییه که له به‌رزترین ئاستی ده‌وڵه‌ت و نیزامی کۆماری ئیسلامی‌دا نه‌خشه‌ی تێرۆری د. قاسملوو داڕێژڕا و به‌ڕێوه چوو؛ به‌ڵکوو پێشێلکردنی عورف و ئه‌خلاقی سیاسی به زه‌قترین شێوه‌ش، له پشت تاوانه‌که ده‌بینرێ و، سه‌رجه‌می ئه‌وانه به یه‌که‌وه بوون به هۆی بریندار کردنی ویژدانی گشتی و غورووری نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵکی کوردستان.
که‌سایه‌تیی به‌رزی د. قاسملوو و دێموکراتیک و ئینسانی بوونی بیر و بۆچوونه‌کانی و، باوه‌ڕی به دیالۆگ و چاره‌سه‌ری ئاشتیخوازانه‌ی پرسی کورد و، شه‌هیدبوونی له‌م پێناوه‌دا، بیره‌وه‌ریی تێرۆری ئه‌و ڕێبه‌ره و، تووڕه‌یی له پیلان و تاوان بۆ له نێوبردنی، ئه‌وی له حافیزه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یدا به نه‌مری هێشتۆته‌وه. ڕاستە د. قاسملوو له کاتی شه‌هیدکرانیدا سکرتێری گشتیی حیزبێکی سیاسیی خه‌باتگێڕ بوو، به‌ڵام له‌و کاته‌دا که به‌رامبه‌ر به نێردراوانی ڕێژیمی تاران له‌سه‌ر مێزی به‌ناو وتووێژ دانیشتبوو، نوێنه‌رایه‌تیی پرسی ڕەوای نه‌ته‌وه‌یه‌کی ده‌کرد. ئه‌و تێرۆریستانهش که کۆماری ئیسلامی له به‌رگی دیپڵۆمات و به ڕواڵه‌ت بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ د. قاسملوو ناردبوونی، به سێره‌گرتن له دڵ و مێشکی ئه‌و که‌سایه‌تییه، به خه‌یاڵی خۆیان ده‌یانه‌ویست مێشک و چاوی خه‌باتی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بپژێنن. هه‌ر بۆیه خه‌ڵکی کوردستان، تێرۆری ڤییه‌ن به شتێکی گه‌وره‌تر له کوشتنی چه‌ند که‌سی خه‌باتکار، به سووکایه‌تی به نه‌ته‌وه‌کەی خۆیانی ده‌زانن و ئاماده نین له‌م سووکایه‌تییه خۆش بن.
خاڵێکی گرینگی دیکه که قاسملوو و ٢٢ی پووشپه‌ڕیان کردوه به ڕه‌مزێکی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌باتگێڕانه، ئه‌و تێگه‌یشتنه نه‌ته‌وه‌یی و بەرگریخوازانە به‌رزه‌یه که به خۆشییه‌وه له‌نێو نه‌ته‌وه‌که‌مان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، سه‌ری هه‌ڵداوه. هه‌تا دێ ئه‌م تێگه‌یشتنه له نێو خه‌ڵکی کوردستاندا به‌هێزتر ده‌بێ که خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانێ دژی ڕێژیمێکی زۆردار و دڕنده‌ی وه‌ک کۆماری ئیسلامی، پێویستیی به یه‌کیه‌تی و هاوپێوه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌کهه‌ڵوێستی هه‌یه. ئه‌م ڕاستییه‌ش ده‌خوازێ که به سه‌ر سنوور و چوارچێوه حیزبی و ڕێکخراوهیییەکاندا، زاڵ بن و د. قاسملوو و ٢٢ی پووشپه‌ڕ نه‌ک وه‌ک مڵک یا پرسی حیزبی دێموکرات، به‌ڵکوو وه‌ک پرسی خۆیان چاو لێ بکه‌ن. هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە کە لەم ڕۆژەدا، بێزاری و دژایەتیی خۆیان بەرامبەر بە ڕێژیمی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامی و، وەفاداریی خۆیان هەمبەر بە ڕێبەری شەهید د.قاسملوو، یەکگرتووانە و بە شێوەی جۆراوجۆر پێشان دەدەن.
هۆگرانی ڕێگا و ئامانجەکانی قاسملووی ڕێبەر!
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی تێرۆری د. قاسملوو دەکەینەوە کە حیزبی دێموکرات خەریکە لە حەفتاوپێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی خۆی نزیک دەبێتەوە. د. قاسملوو ئەگەرچی ٣١ ساڵە بە جەستە لە حیزبی دێموکرات و خەبات و تێکۆشانەکەی ئەستێندراوە، بەڵام ئەو کەسایەتییە بۆ ماوەی چەند دەیە ڕۆڵێکی بێوێنە و پڕ کاریگەری لە مێژووی ئەو حیزبەدا هەبووە. د. قاسملوو، دوای ساڵانێک پەرشوبڵاوی و ناکۆکیی نێو ڕێزەکانی حیزبی دیموکرات، بە هەوڵ و هاوکاریی ژمارەیەک لە هاوڕێیانی، حیزبی دیموکراتی خستەوە سەر یەک. لە ڕووی ڕێبەری و ڕێکخراوەیی و بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆوە، ئەم حیزبەی نوێ کردەوە. لە کۆنفرانسی سێهەم و کۆنگرەی سێهەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانیشەوە هەتا کاتی شەهید بوونی وەک سکرتێری گشتی، ئەم حیزبەی بە لێوەشاوەیی ڕێبەری کرد و لە هەموو ڕوویەکەوە بووژاندییەوە.
بۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزب و ڕۆڵی د. قاسملوو لە مێژووی ئەم حیزبەدا، دوو ئەرکی گرنگ دەخاتە ئەستۆی ئێمە ڕێبواران و درێژەدەرانی ڕێگەی ئەو ڕێبەرە شەهیدە.
ئەرکی یەکەم، وەبیرخۆهێنانەوە و پێداگرتنەوە لە سەر ئەو ئامانج و باوەڕ و پرەنسیپ و بایەخانەن کە بوون بە بەشێکی دانەبراو و سەرەکی لە شوناس و چییەتیی حیزبی دێموکرات و، ڕێبەری شەهید د. قاسملوو زۆرترین کاریگەریی لە جێگیرکردن و نەهادینەکردنیان لەو حیزبەیدا هەبوو. پابەندی بەو ئامانج و پرەنسیپانە، شانبەشانی وەبیرخۆهێنانەوەی تایبەتمەندییە بەرزەکانی ئەو سەرکردە مێژووییە، هەم وەفاداری و ئەمەگناسییە لە ئاستی ئەو ڕێبەرە شەهیدە، هەم خزمەتە بە کولتووری دێموکراسی و شۆڕشگێڕبوون و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی بڕیاردان لە نێو حیزبی دیموکرات‌دا. هەر وەها بایەخدانیشە بە پەرەپێدانی هارمۆنییانەی تێکۆشان لە ڕەهەند و بواری جۆراوجۆردا.
ئەرکی دووهەم کە لەم بۆنەیەدا دەبێ وەبیرخۆمانی بێنیەوە، پێویستیی بە ئاکام گەیاندنی خەباتێکی دوور و درێژ و پڕ لە سەروەری و قوربانیدانە کە هەزاران ڕۆڵەی نەتەوەکەمان و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە، لە نێو ئەواندا ڕێبەرانی گەورەی وەک پێشەوا قازی محەممەد، د. قاسملوو و د. سادق شەرەفکەندی گیانیان لە پێناوی ئامانجەکانیدا بەخشیوە. ئەم خەباتە بە ئاکام ناگا ئەگەر بەر لە هەر شتێکی دیکە، سەرجەم ئەویندارانی ئەم مێژووە، تێکڕای درێژەدەرانی ئەم ڕێگایە و، کۆی ئەو تێکۆشەرانەی لە خانەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتدان ، پێکەوە، یەکگرتووانە و شانبەشانی یەک و لە چوارچێوەی یەک حیزب‌دا درێژە بە تێکۆشان نەدەن. هیوا و هەوڵی ئێمە _کە دیارە بە بەرپرسایەتییەوە دەڵێین حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە پیرۆزە لە هیچ هەوڵێک درێخی نەکردوە_، ئەوەیە حیزبی دێموکرات بە یەکگرتوویی و بە ئیرادە و بڕیارێکی چاوەڕوانکراو لە ئەکتەران و بەشدارانی ئەم مێژووە پڕ شانازییە، پێ بنێتە دوا چارەکی سەدەیەک خەبات و قوربانیدانی خۆی. بەو هیوایەی هەموو بەردەنگەکانی ئەم پەیامە، هاوکار و پشتیوان بن بۆ وەدیهێنانی ئەو هیوا و چاوەڕوانییە پیرۆزە.
لەم بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانین بە ڕێزەوە یادی هاوڕێ عەبدوڵا قادریئازەر ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات بکەینەوە کە لە ساتەوەختی گیانبەخشینیشدا وەک زۆر چالاکی و تێکۆشانی دیکەی دەرەوەی وڵات، نزیکترین هاوڕێی ڕێبەری شەهیدمان د. قاسملوو بوو. هەروەها له‌مێژساڵه یادی شه‌هید بوونی ڕێبه‌ری لێوه‌شاوه د. قاسملووی نه‌مر، له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌ریی کۆچی دوایی هاوڕێی به‌وه‌ج، سه‌ید سه‌لام عه‌زیزی، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموکڕات ئاوێته بووه. به‌م بۆنه‌یه‌وه له گه‌ڵ شه‌هیدانی ٢٢ی پووشپه‌ڕدا، به‌ڕێزه‌وه یادی کاک سه‌لامی نه‌مر ده‌که‌ینه‌وه که ٢١ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ماڵاوایی یه‌کجاریی لێ‌کردین. سڵاو بۆ گیانی پاکیان و یادیان بەڕێز.
بەرز و بەڕێز بێ یادی ڕێبه‌ری شه‌هید د.عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو،
ڕیسوایی هه‌میشه‌یی بۆ خوڵقێنه‌رانی تاوانی ٢٢ی پووشپه‌ڕ،
سەرکەوتن بۆ خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد و به‌رقه‌راری بۆ ئامانجه به‌رزه‌کانی د. قاسملووی هه‌میشه له یاد.
حیزبی دیموکراتی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسی
٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٩(١٢ی ژوئیەی٢٠٢٠)