تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی، شێخ و ڕابەری تەریقەتی قادری لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.
ئەمڕۆ هەینی، ٢٠ی پووشپەڕ تەرمی شێخ محەممەد کەسنەزانی، شێخ و ڕابەری تەریقەتی قادری کە چوار ڕۆژ لەمەوبەر لە تەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆچی دوایی کردبوو، گەیشتەوە هەرێمی کوردستان و بە بەشداریی هەزاران کەس لە شوێنکەوتووانی، لە تەکیەکەی خۆی لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.
لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شێخ محەممەد کەسنەزانیدا بە ھەزارن مورید، خەلیفە و دەروێشی تەریقەتی قادری لە وڵاتانی ناوچە بەشدار بوون و بەیعەتیان لەگەڵ شێخ نەھرۆ، کوڕی گەورەی شێخ محەممەد کەسنەزانی بەست. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشەوە بە هەزاران کەس لە پێڕەوانی ئەم تەریقەتە خۆیان گەیاندبووە باشووری کوردستان، بۆوەی لە ڕێوڕەسمی ناشتن و پرسەی شێخی تەریقەتی قادریدا بەشدار بن.
حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی شێخ محەممەد کەسنەزانی، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، موریدان و شوێنکەوتووانی، بەتایبەت پێڕەوانی تەریقەتی قادری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکا.