لە درێژەی سووتان و ئاگردانی دارستانەکانی کوردستان هەر ڕۆژە بەشێکی جەستەی نیشتمان لە ئاگردا دەسووتێ.
ڕۆژی هەینی ۲٠ـی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، ئاگر لە کێوی “ئاربەبا”ی بانە بەردراوە و بەو هۆیەوە بەشێک لە دارستان و لەوەڕگە و پووش و پاوانی ئەو ناوچەیە بوونە سووتمانی ئاگر، کە بە پێی زانیارییە بڵاو کراوەکان ئاگرەکە لە لایەن کەسانێکی نەناسراو و دژ بە ژینگە و بە ئەنقەست لەم شوێنە کەوتوەتەوە کە دواتر بە هەوڵ و هیممەتی شوانێک و چەند کەسی خۆبەخش کوژاوەتەوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی پووشپەڕ ئاگر لە دارستانەکانی گوندی “نشکاش”ـی مەریوان کەوتەوە، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو و دواتر لە لایەن کومیتەی بەرەنگار بوونەوەی ئەنجومەنی سەوزی چیا ئاگرەکە کۆنترۆل کرا.
لە لایەکی تریش هەر لە مەریوان، ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕ بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی “سەوڵاوا” ئاگریان گرت کە ئەویش هەر بە دەستی کەسانی خۆبەخش و دڵسۆزی نیشتمان کۆنترۆڵ کرا.
سووتان و ئاگر دانی دارستانەکانی کوردستان بە تایبەت لە وەرزی گەرمادا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێ و هەر ڕۆژە بەشێک لە دارستانەکانی کوردستان لە ئاگردا دەسووتێن و تەنیا کەسانی خۆبەخش و ئەندامانی ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگە پارێزییەکان بە دەستی بە تاڵەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن و بەم هۆیەوە ژمارەیەک لە ژینگە پارێزان لەم ڕێگەیەدا گیانیان لە دەست داوە، کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییش نەک هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکان نادەن بەڵکوو خۆیان ڕێگە خۆشکەرن و بەشێکی زۆریشی بە پیلانی ئەوان جێبەجێ دەکرێ.