بڕینەوەی دار و دارستانەکانی کوردستان و لەنێو بردنی لێڕەوارەکان بە مەبەستی جۆراوجۆر ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ.
دارستانەکانی کوردستان کە بەردەوام لە ئاگردا دەسووتێن و زیانێکی بەرچاو بە ژینگەی کوردستان دەکەوێ و بەردەوام قوربانی لێدەکەوێتەوە، لە لایەکی تریش بڕینەوەی دارەکان لە بەشێکی زۆر لە ناوچە و ئاواییەکانی کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خانووبەرە و هەروەها بە مەبەستی بەکارهێنانی وەک زەویی کشتوکاڵی و لە لایەکی تریش بەکارهێنانی بە مەبەستی بازرگانی پێکردنی بە شێوەی سیستماتیک بەڕێوەدەچێ.
لە تازەترین هەواڵەکاندا کە لە لایەن ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگە پارێزییەکانەوە بە تایبەت ئەنجومەنی “پاژین”ـی بانە و ئەنجومەنی “سەوزی چیا”ی مەریوان بڵاو کراونەتەوە، باس لە بڕینەوەی بەشێکی زۆری دارستانەکەن دەکەن بە مەبەستی بەکارهێنانی وەک زەوی کشتوکاڵی و لە لایەکی تریش وەک دەگوترێ لە بازاڕەکان بە ئاسانی خەریکی فرۆشتنی داری تەڕن و هەروەها بە بەرچاوی خەڵکەوە ڕادەگوێزرێن بۆ شوێنەکانی تر و، دار فرۆشی و بازرگانی بە دار بووەتە کاری بەردەوام و هیچ لایەنێکیش پێشگیریی لەم هەوڵانە ناکا.
ئەنجومەن و ڕێکخراوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم کارانە دوور لە یاسا و ڕێساکانن و داواکارین کە لایەنی پێوەندیدار لێکۆڵینەوە لەم کارانە بکا، تا بزانین بە چ مەبەست کڕین و فرۆشتن بەو دارانەوە دەکرێ.
جێی ئاماژەیە، بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان لە لایەن خەڵکی بەرژەوەندییخواز لە لایەک و هەروەها بەرنامە و پیلانەکانی سپای پاسداران بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ و بەشێکی زۆری دارستانەکانی کوردستانیان بڕیوەتەوە و بەرەو شارەکانی تری ئێران ڕایاندەگوێزن، کە ئەمەش زیانێکی زۆری لە جوانی ژینگەی کوردستان داوە و لە ڕووی تەندروستی و ئابووریشەوە هەر خەڵکی کوردستانن لەم نێوەدا زەرەرمەند بوون.