بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سێ کۆڵبەری کورد بریندار بوون.
ڕۆژی پێنج شەممە ۱۹ی پووشپەڕی ۱۳۹۹ی هەتاوی، هێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئێسلامی ئێران لە سنووری ناوچەی سۆما و برادۆستی سەر بە ورمێ تەقەیان لە دەستەیەک کۆڵبەر کردوە و لە ئاکامدا سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی “حیکمەت ئەحمەدی”، “شەمزین ئەحمەدی” و “ڕەوشەن جەهانگیری” بە سەختی بریندار بوون.
جێی ئاماژەیە ئەم کۆڵبەرانە بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کراون.
هەروەها لە لایەکی تریش کۆڵبەرێک بە ناوی “حەمدی” خەڵکی گوندی “نژماری” مەریوان لە کاتی کۆڵبەری لە کوێستانەکانی سنووری “نۆدشە” بە هۆی ڕاوەدوونانی لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتە خوارەوە و بریندار بوو.
کۆڵبەری یەکێک لەو ڕێگە ناچاریانەیە کە بەشێک لە خەڵکی کوردستان هەوڵ دەدەن لەو ڕێگەیەوە بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان دابین بکەن و سنوورە سەختەکانی کوردستان ببڕن، هەر بەم هۆیەوە بەردەوام دەکەونە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و زۆر جاریش بە هۆی ڕاوەدوونانیان لە بەرزاییەکان دەکەونە خوارەوە و گیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن.