کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن دادگایەکی ئەمریکاوە بە تۆمەتی کوشتنی ١٩ سەربازی ئەو وڵاتە بە ٨٧٩ میلیۆن دۆلار سزا درا.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی “ڕۆیتێرز″، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی، دادگای فێدراڵی واشینگتۆن بە تۆمەتی کوژرانی ١٩ سەربازی ئەمریکایی لە ساڵی ١٩٩٦ لە عەرەبستانی سعوودی سزای پێدانی ٨٧٩ میلیۆن دۆلاری بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕییەوە.
شایانی باسە کە لە ساڵی ١٩٩٦ لە شاری زەهران لە عەرەبستانی سعودی لە ئاکامی تەقینەوەیەکدا لە بنکەیەکی سەربازانی ئەمریکایی کە بەدەستی حیزبوڵای لوبنان و بە فەرمانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام درا ١٩ سەربازی ئەمریکا کوژران و ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون.
جێگای ئاماژەیە کە ١٤کەس لەو بریندارانە سکاڵایەکیان بە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دابووە دادگای فێدراڵی واشینگتۆن و دادگای ناوبراویش ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەر لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی چەندین ساڵەدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە کوشتن و بریندارکردنی ئەمریکاییەکان مەحکووم کرد.












