لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ لە ڕێگەکانی شارەکانی کوردستان بە دەیان کەس گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی بە هۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمۆبیل لە نزیک ئاوایی “سەیسارم” لە ڕێگەی نێوان بانە-سەردەشت، کەسێک گیانی لەدەست دا و ٣ کەسی تریش بریندار بوون، بە پێی زانیارییەکان ئەوە کەسەی گیانی لەدەست داوە خەڵکی ئاوایی “دۆڵە گەرم”ـی سەردەشت بووە.
لە لایەکی تریشەوە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە ڕێگەی نێوان سەقز-بۆکان لە نزیک شارۆچکەی “سەنعەتی”ـی سەقز، بە هۆی پێکدادانی ئۆتۆمۆبیل کەسێک گیانی لەدەست دا و سێ کەسی تریش بریندار بوون و هەروەها لە ڕێگەی نێوان سەقز-دیواندەرە لە نزیک ئاوایی “قەیلەسوون” بە هۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمۆبیلێک حەوت کەس بە سەختی بریندار بوون.
هەر لەم پێوەندییەدا و ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی بە هۆی پێکدادان و وەرگەڕانی پاسێکی نەفەر هەڵگری نێوان دیواندەرە و تاران ٢٣ کەس بریندار بوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەست دا.
ڕێگە و بانەکانی کوردستان بە هۆی کەمتەرخی و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێگە و بان و دابین نەکردنی بڕی بودجەی پێویست لە دۆخێکی یەکجار خراپدان بە جۆرێک کە ناستاندارد بوونی ڕێگەوبانەکان، خراپیی قیرتاو کردن و بوونی قووڵکی زۆر و هەروەها نەبوونی نیشانەکانی ئاگادار کردنەوە و لە لایەکی تریش پێبەند نەبوونی خەڵک بە یاساکانی هاتوچۆ، بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە بە دەیان کەس لە ڕێگەکانی کوردستان گیان لەدەست بدەن و بریندار بن، لەگەڵ ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی کوردستان سەبارەت بە خراپیی ڕێگەوبانەکان بەردەوام ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داوای چاک کردنی دەکەن، بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە و کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە.