حاجی خەلیل ڕەحیمیان، کەسایەتیی نیشتماندۆست، شۆڕشگێر، جێی ڕێز و حورمەتی خەڵکی بۆکان و ناوچە و، باوکی شەهید جەلیل ڕەحیمیان، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی پووشپەڕ کۆچی دوایی کرد و بە مەرگی خۆی خەمێکی قورسی خستە سەردڵی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی.
حاجی خەلیل ڕەحیمیان، خەڵکی “قالوێی ڕەسووئاغا”ی بۆکان و باوکی کادری لێهاتووی حیزبی دێموکرات شەهید جەلیل ڕەحیمیان بوو، بەڵام زۆر پێش ئەوەی جەلیلی کوڕی بێتە نێو ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکراتەوە، هۆگری بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەی ببوو و بەکردەوەش بۆی تێدەکۆشا. حاجی خەلیل لەکاتی جووڵانەوەی ٤٦_٤٧ دا لە نیزیکەوە هاوکاریی بزووتنەوەکەی دەکرد و کەسی متمانەپێکراوی شەهیدان موعینی بوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیش بەردەوام لەژێر فشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوو.
حاجی خەلیلی نیشتماندۆست بنەماڵەکەی بە ژەکی کوردایەتی و بیر و هزری نیشتمان خۆشەویستی گۆش دەکرد و بۆ خزمەتی گەل و نەتەوەکەیان هانی دەدان، بۆیە نەک هەر لەنێو خزم و کەسوکار، بەڵکوو لە نێو خەڵکی ناوچەی بۆکان و دەوروبەریش کەسێکی سەرمەشق و کەسایەتییەکی باوەڕپێکراو بوو. ئاواتی هەرە گەورەی ئەم باوکە شەهیدە، ڕزگاریی نەتەوە بندەستەکەی و سەرکەوتنی خەباتی گەلە خەباتکارەکەی بوو، بۆیەش وەسیەتی کردبوو کە تەرمەکەی بە ئاڵای کوردستانەوە بەڕێی مەنزڵی ئەبەدی بکەن.
شەهید جەلیل ڕەحیمیان، کوڕی خوالێخۆشبوو حاجی خەلیل ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی لەو بنەماڵە نیشتمانپەرەوەردا لەدایک بوو. شەهید جەلیل ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە و وەک پێشمەرگەیەکی ئازا له شهڕهكانی ناوچهی بۆكان، سهقز و مههاباد وهك شهڕی سهرتوون و قوڵقوڵه، قوشههوو، قالوێ و پیرچۆپان بهشداریی چالاكانهی كرد. شەهید جهلیل تهنیا کادرێکی بەوەج و ئازای مەیدانی شەڕ نهبوو، بهڵكوو لهباری سیاسی و ئەدەب و نووسینیشدا له ئاستێکی بهرزدا بوو. ئەو بۆ ههموو مهئموورییهتێك سهر لهپێناو و وێڕای ئهوانهش خۆشهویست و جێی متمانەی خهڵك بوو. ساڵی ١٣٧٠ لەگەڵ شەهید “ئهبووبهكر كانییهڕهشی” کە بۆ کارێکی تەشکیلاتی لە ئاوایی حوسێنمامه مابوونەوە، لهلایهن هێزێکی زۆری ڕێژیمەوە گەمارۆ دران و شوێنی مانەوەیان ئاگر تێبەردرا و چوونه ڕیزی كاروانی شههیدانهوه.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی حاجی خەلیل ڕەحیمیان، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری و خەڵکی بۆکان و ناوچە دەکا و خۆی بە شەریکە خەم و ماتەمیان دەزانێ.