کەمیی دەرمانی “ئەنسۆلین” لە شارەکانی کوردستان بووەتە کێشەیەکی گەورە بۆ ژیانی خەڵک.
بە پێی هەواڵ و وێنە و ویدیۆ بڵاو کراوەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەستان و کۆبوونەوەی خەڵک بە شێوەی بە کۆمەڵ لە بەردەم دەرمانخانەکان هەموو ڕۆژێک دووبارە دەبێتەوە و بە دەیان کەس بە ڕیز چاوەڕێی دەسکەوتنی دەرمانی ئەنسۆلینن لە دەرمانخانەکاندا.
کێشەی کەمیی دەرمانی ئەنسۆلین لە شارەکانی کوردستان و بە تایبەت سنە، سەقز و کرماشان بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە کە بە گوتەی بەشی زۆری دەرمانخانەکان هەموو ڕۆژێک کۆبوونەوەی خەڵک لە بەردەم ئەو شوێنانەدا زیاتر دەبێ و ئەوەش نیگەرانییەکی زۆری لە نێو خەڵکدا دروست کردوە.
“عەتا حەیدەری”، جێگری زانکۆی خواردن و دەرمانی زانستگەی پزشکیی سنە لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندوە: “نزیک بە یەک حەفتەیە ئێمە لە پارێزگای سنە لەگەڵ کەمیی دەرمانی ئەنسۆلین بەرەو ڕووین و چاوەڕوانییمان لە وەزارەتی بێهداشت هەیە کە ئەو کێشەیەمان بۆ چارەسەر بکا.”
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان، کەمتەرخەمیی دەسەڵات لە پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ڤیرووسەکە و دابیننەکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان لە کێشە و گرفتەکانی خەڵکی کوردستان بوون، هەر بۆیە دوای ئەوە خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هەوڵیان دا پێش بە بڵاوبوونەوەکەی بگرن. بەڵام گوێ پێنەدانی دەوڵەت لە دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان و نەبوونی پزیشک و کادری دەرمانیی پێوسیت لە نەخۆشخانەکان و هەروەها هەژاری و نەداری و ناچاری لە هاتنە دەرەوەی خەڵک بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانی ڕۆژانەیان بووە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانیان بە جۆرێک بۆ پەیدا کردنی بڕێکی کەم لە دەرمانی ئەنسۆلین لەو دۆخە مەترسیدارەی کۆرۆنادا بە ناچاری لە بەردەم دەرمانخانەکاندا کۆ بوونەتەوە، کە لەم نێوەدا هەم مەترسیی تووشبوون و بڵاوبوونەوە بە ڤیرووسەکە زیاترە و هەمیش لە لایەکی تر لەوانەیە نەتوانن ئەو دەرمانەی پێویستیانە دەستیان بکەوێ.