لە درێژەی کار و چالاکییەکان بۆ ڕیزگرتن لە شەهیدانی ژینگەی پاوە لە لایەن ئەنجومەن و ڕێکخراوەکانی کوردستانەوە چەندین چالاکی بەڕێوە چوون.
ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی گرووپی شاخەوانی “هێلانەداڵ” بە سەرکەوتنیان بۆ سەر شاخی میراجی بە هەڵگرتنی وێنە و دروشمی تایبەت بەو ژینگە پارێزانە ڕێزیان لە وەفاداری ئەوان بۆ ژینگەی کوردستان گرت و هەروەها لە پەراوێزی ئەم چالاکییە شاخەوانییەدا لە ژێر ناوی
پاراستنی ژینگە ئەرک و ئەخلاقە ئەم ناوچەیان لە زبڵ و خاشاک پاک کردەوە.
لە لایەکی دەیکەوە گرووپی “بریتان” لە مەریوان بە سەرپەرشتی خاتوو “پەروانە جەلالی” یەکەمین گەشتیی شاخەوانیان بە یادی شەهیدانی ژینگەپارێز بەڕێوە برد.
هەروەها ڕۆژی دووشەمە ١٦ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی لاوانی ژینگە دۆستی شاری نەوسوود بە پاک کردنەوەی مەودای ٧ کیلۆمیتری جادەی شارەکە هەتا ئاوایی “نەیسانە” لە زبڵ و پاشماوەکان، ڕێزیان لە شەهیدانی ژینگە پارێز گرت.
لەو هەڵمەتی پاک کردنەوەیەدا، لاوانی ژینگهپارێز بە بەرز کردنەوەی وێنەی شەهیدان “موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی” ڕێزیان لە چالاکی و فیداکاریی ئەوان گرت.
جێی ئاماژەیە دوای ڕوودانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنە بەشی زۆری ڕێکخراو و ئەنجومەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو و بەڕێوەبردنی چالاکیی جۆربەجۆر و سەردانی کردنی گڵکۆی شەهیدان و بنەماڵەکانیان ڕێزیان لە گەورەیی خۆبەخشانە و زەحمەت و ماندووبوونەکانیان گرت.