لە درێژەی بەردەوامیی دەسبەسەر کردنەکاندا سێ کەس لە شنۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا شەپۆلێکی نوێی دەسبەسەر کران لە کوردستان لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێکردوە و هەر لەو پێوەندییەدا سێ کەس لە شاری شنۆ بە ناوەکانی “ئەبووبەکر عەبدی، بێهرووز بایەزیدی و کەیوان شوانی”، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە ئەو سێ کەسە بە بێ هیچ هۆکارێک دەسبەسەر کراون و تا کاتی ئامادەکردنی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەست دا نییە.
هەر لەو پێوەندییەدا و ڕۆژی یەکشەممە پازدەی پووشپەڕ پێنج هاووڵاتی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی”سەعید تابناک، ئەسکەندەر سەیدمحەممەدپوور، ئەبووبەکر بیلال و ڕەحیم ڕەفعەتی” لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازراون.
شایانی باسە کە لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ و ساڵڕۆژی تێرۆرکردنی شەهید دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو و هاوڕێکانی بە دەستی جینایەتکارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی کوردستان و ترسی خودی ڕێژیم لە کاردانەوەی خەڵک لەو ڕۆژەدا شەپۆلێکی دەسبەسەرکردنی هەڕەمەکی لە شارەکانی کوردستان دەستی پێ کردوە کە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا دەیان کەس لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.