ڕووسیە و چین بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان ڤیتۆ کرد.
ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: زیاتر لە نیوەی دانیشتووانی ڕۆژئاوای کوردستان خواردن و دەرمانی پێویستیان نییە. تاکە ڕێگا بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستییانە دەروازە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ڕۆژئاوای کوردستانن کە شەش مانگ پێش لەبەر ناڕەزایەتیی ڕووسیە و چین، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەروازە سنوورییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستانی داخست و بەو هۆیەوە دۆخی مرۆیی خەڵکی کوردستان زۆر ناجێگیرە.
شایانی باسە ڕووسیە کە هاوپەیمانێکی نزیکی حکوومەتی ئەسەدە بە خێرایی لە سەرەتاوە دژی ئەو پڕۆژە بڕیارە وەستایەوە کە بە ۱۳ دەنگی بەڵێی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و دوو دەنگی نەخێر و ڤیتۆ و یەکلاکەرەوەی ڕووسیا و چین پەسند نەکرا.
لەو پێوەندییەدا نوێنەری ئەمریکا “رودنی هەنتەر” لە دانیشتنەکەدا دەڵێ: ئەوەی چین و ڕووسیە دەیکەن دانانی بەرژەوەندی و سیاسەتی خۆیانە لە سەرووی ژیانی خەڵکی لێقەوماوی سووریەوە و ئێمە هەست بە شەرمەزاری دەکەین لە بارەی ئەوەی ئەو ئەنجوومەنە دەبوو کارێکی دروست بکات، ئەوەش بەهۆی هەوڵە بەرژەوەندیخوازەکانی ڕووسیە و چین کە هەردوولا سیاسەتیان خستە سەرووی ژیانی خەڵکی سووریەوە، دڵتەنگین ئەوە ڕوویدا، بەڵام بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشان بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک.
جێگای ئاماژەیە کە مانگی ڕابردوو ئاڵمان وبلژیک ڕەشنووسی پڕۆژە بڕیارێکی نوێیان پێشنیاز کرد کە ڕێگا بە کردنەوەی دەروازەی “تەلکۆچەر” دەدات بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. بە گوێرەی سێ سەرچاوەی دیپلۆماسیی ئەنجوومەنەکە، ئەمریکا و بەریتانیاش پشتگیری ئەو ڕەشنووسەیان کرد و لە دانوستانەکان پێداگریان لەسەر کردنەوەی خاڵی سنووری تەلکۆچەر کردبوو. بەڵام ڕووسیە هەڕەشەی ڤیتۆی کردبوو.
لە لایەکی دیکەوە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند هێنانی خواردن و دەرمان ڕاستەوخۆ لە تەلکۆچەرەوە زۆر پێویستە و کەمیی یارمەتیی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی لە سەردەمی کۆڕۆنادا مەترسییەکی گەورەیە.












