ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم دەڵێ: ئەگەر گەمارۆی سەربازیی لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵنەگیرێ ئورووپا هەست بە ئاسایش ناکا.
ئەندامی کۆمەڵەی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران “غوڵامڕەزا مسباحی مۆقەدەم” ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی ڕایگەیاند، ئەمریکا و سێ وڵاتی ئورووپایی هەوڵی درێژ کردنەوەی گەمارۆ سەربازییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەن، بەڵام ڕووسیە و چین پشتیوانیی ئێمەن و ئەمریکا و ئورووپا ناتوانن بە ئاسانی گەمارۆکان درێژ بکەنەوە، ئەگەر گەمارۆکان درێژ کرایەوە کەواتە ئورووپا ئاسایش بە خۆیەوە نابینێ و دەبێ خۆی بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکا.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ڕووسیەش قازانجی لەوە دایە کە گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵبگیرێ و ئەو وڵاتەش بتوانێ چەک و چۆڵ بە ئێران بفرۆشی.
شایانی باسە کە چەند مانگی دیکە ماوەی گەمارۆ سەربازییە نێونەتەوەییەکان لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دوایی دێ و ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپایی لە هەوڵی درێژ کردنەوەی گەمارۆکانن لەسەر ئەو ڕێژیمە، بەڵام ڕووسیە و چین دەڵێن ڤێتۆی دەکەین.