ئەمریكا بە فەرمیی ڕایگەیاند، لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی كشاوەتەوە.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی
“نیویۆرک تایمز” کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی پووشپەڕی ٩٩ی هەتاوی بڵاو کرایەوە، سێناتۆر “رۆبێرت مینیندی”، سیناتۆری دێموكراتی ئەمریكا ڕایگەیاند کە نامەیەکی فەرمی لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە بە كۆنگرەی ئەو وڵاتە گەیشتوە و تێیدا كشانەوەی وڵاتەكەی بە فەرمی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی پشتڕاست كراوەتەوە.
شایانی باسە کە چەند مانگ پێش دۆناڵد ترامپ هێرشی کردە سەر ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەوە تۆمەتباریکرد کە لە حاڵێکدا زۆربەی پارەی ئەو ڕێکخراوەیە لە لایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێ کەچی ئەوان ئەرکی سەرشانی خۆیان بە باشی جێبەجێ ناکەن و هێژمۆنیی وڵاتی چینیان بەسەرەوەیە.
جێگای ئاماژەیە ترامپ رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بەوە تۆمەتبار كرد، كە لە مامەڵە كردن لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا لایەنگریی وڵاتی چینی كردوە و ڕاستییەكانی سەرهەڵدانی ئەو پەتایەی لە چین پەردەپۆش كردوە، ئەمەش خەسارێکی ماڵی و گیانیی زۆری بۆ جیهان بووە.












